ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق: هێشتا بڕیاره‌كانى به‌عس دژ به‌ كوردانى فه‌یلی هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌

٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٢:٥٢ پاش نیوەڕۆ

ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق: هێشتا بڕیاره‌كانى به‌عس دژ به‌ كوردانى فه‌یلی هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌

په‌نجه‌ره‌

سەرەڕای تێپەڕبوونی 22 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس و بوونی ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی کوردانی فەیلی لە پۆستە باڵاکانی عێراقدا، بەڵام هێشتا ئەم پێکهاتەیە گیرۆدەی دەست بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو و کێشە کەڵەکەبووەکانیەتی، کە بەشێکی زۆری نەتوانراوە چارەسەر بکرێت.

جگە لە موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کوردانی فەیلی لەسەر ئاستی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق خاوەنی چەندین پۆستن، بەڵام سەرەڕای ئەم پێگەیەش، هێشتا نەیانتوانیوە بڕیارەکانی سەردەمی بەعس کە لە دژیان دەرکراوە، هەڵبوەشێننەوە.

تارق مەندەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی، بە "پەنجەرە"ی ڕاگەیاندووە: "کوردانی فەیلی کێشەی زۆریان هەیە و هێشتا بەشێکی زۆر لە خێزانە زیانلێکەوتووەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: "کوردانی فەیلی کێشەی ڕەگەزنامەیان هەیە و بڕیارەکانی سەردەمی بەعسیش هەڵنەوەشێنراونەتەوە، کە بەهۆیانەوە دەست بەسەر ئەموالی مەنقوڵە و غەیر مەنقوڵەیاندا گیرا."


ژمارە و بڵاوبوونەوەی کوردانی فەیلی

سەرەڕای نەبوونی ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی کوردانی فەیلی، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەیان بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە عێراقدا مەزەندە دەکرێت. زۆربەیان نیشتەجێی پارێزگاکانی بەغدا، واست، کەرکوک و دیالەن.

تارق مەندەلاوی جەختی لەوە کردەوە: "دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی کوردانی فەیلی بدۆزرێتەوە. داوا لە حکومەتی عێراق و یەکێتی و پارتی دەکەین پاڵپشتی کوردانی فەیلی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان."


پێگەی سیاسی و قوربانییەکان

کوردی فەیلی، کە بە نەتەوە کورد و بە مەزهەب شیعەن، وەک یەکێک لە کەمینەکانی عێراق هەژمار کراون و لە پارێزگای بەغدا و واست دوو کورسی کۆتای ئەنجومەنی پارێزگایان بۆ دانراوە.

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی فەیلی ڕایگەیاند: "کوردی فەیلی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی دیوی ڕەسافەی بەغدا پێکدەهێنن و لە دیوی کەرخیشەوە ژمارەیەکی زۆر کوردی فەیلیمان هەیە. کوردی فەیلی مێژوویەکی درێژیان لە بەغدا هەیە و ژمارەیەکی گەورەن."

کوردانی فەیلی بەشێکی زۆر لە قوربانییەکانی سەردەمی حکومەتی بەعس پێکدەهێنن، ئەمە جگە لەوەی لەسەر دەستی ڕێکخراوی قاعیدە و گروپە چەکدارە توندڕەوەکان ژمارەیەکی زۆریان لە پارێزگای دیالە و ناوچەکانی تر لێ کوژرا. جیاوازی نەتەوەیی و مەزهەبی وایکرد کوردانی فەیلی ببنە ئامانجی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان، بە تایبەت لە سنوری ناحیەکانی سەعدیە و مەندەلی سەر بە پارێزگای دیالە بە دەیان کەسیان لەلایەن ئەو گروپانەوە لێ کوژراوە.

تارق مەندەلاوی وتی: "لە کۆی 60 هەزار قوربانی کە ناویان لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق تۆمار کراوە، 15 هەزاریان کوردی فەیلین، واتە چارەکێکی ئەو ناوانەی قوربانی دەستی بەعسن و تۆمار کراون فەیلین."


پەیوەندی لەگەڵ پارتە کوردییەکان و شیعەکان

هەرچەندە ژمارەی کوردانی فەیلی لە بەغدا بە نیو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، بەڵام پێگەی حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناویاندا لاوازە و نەیانتوانیوە سوود لە دەنگەکانیان وەربگرن بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە بەغدا.

بەشێکی زۆر لە کوردانی فەیلی لایەنگری حزبە شیعەکانن و بەشێکی کەمیان نزیکن لە حزبە کوردییەکانەوە. لە ئێستاشدا موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتێکی دروستکردووە و هەوڵی ڕاکێشانی کوردانی فەیلی بەلای خۆیدا دەدات.

تارق مەندەلاوی ئاماژەی بەوەدا: "کاتی خۆی بەشێکی کوردانی فەیلی لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بوون، بەتایبەت مام جەلال دۆستی فەیلییەکان بوو."

هەروەها وتیشی: "هەر لایەنێک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کوردانی فەیلی بدات دەتوانێت 100%ی دەنگەکانیان بەدەست بهێنێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو