ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە دەستەی مافی مرۆڤدا ده‌ته‌قنه‌وه
٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢:٠٦ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
لەژێر ڕۆشنایی ڕووداوەکانی لالەزار و پرسی ژمارەیەک دەستگیرکراو لە زیندانەکانی سلێمانیدا، ناکۆکییەکی بەرچاو لەنێوان تیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤدا سەریهەڵداوە، بە شێوەیەک کە بووەتە هۆی بڵاوکردنەوەی دوو ڕاگەیەندراوی جیاواز لەلایەن هەردوو لایەنەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە شەش ئەندام پێکدێت؛ سەرۆکی دەستەکە (موونا یاقو) کرستیانە. سێ ئەندامی دەستەکە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن و دوو ئەندامەکەی تریش سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانن.
بەپێی بەدواداچوونەکانى په‌نجه‌ره، پێش بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوە جیاوازەکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی مشتومڕێکی توند لەنێوان هەردوو تیمەکەدا دروست بووە.
تیمی پارتى ویستویانه ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه بڵاوبكه‌نه‌وه، به‌ڵام تیمی یەکێتی داوایان لە سەرۆکی دەستە کردووە کە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەکە دوابخرێت.
تیمی یەکێتی گومانیان لە کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەکە دەربڕیوە و ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه كه پێشتر له ڕۆژانى هه‌ینیدا ڕاگه‌یه‌نراو بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، بەڵام تیمی پارتى سووربووه له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه و به‌پێویستیان زانیوه.
یەکێک لە خاڵەکانی تری ناکۆکی، پرسی سەردانیکردنەوەی لاهور شێخ جەنگییە لەنێو زینداندا. تیمی پارتی پێداگریان لەسەر پێویستی ئەم سەردانە کردووەتەوە، لە کاتێکدا تیمی یەکێتی ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی ناوبراویان کردووە و ئەم هەوڵە نوێیە بە گوماناوی دەزانن.
به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌نجه‌ره، سەرچاوەی گومانی تیمی یەکێتی لەوەوە دێت کە گوایە دوای بینینی لاهور شێخ جەنگی لە هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن تیمێکی دەستەکەوە، ئەندامێکى تیمه‌كه سەردانی وەزیری ناوخۆی کردووە، هەرچەندە ئەو ئەندامە ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی بۆ دۆسیەیەکی تر بووە.
له‌به‌رامبه‌ردا تیمی پارتى به‌پێویستیان زانیوه سه‌ردانى لاهور شێخ جه‌نگی بكه‌ن و له‌گه‌ڵیدا تاوتوێی ئه‌و پرس و بابه‌ت و گومانانه بكه‌ن كه له دۆسیه‌كه‌یدا درووستبوون و میدیا و هاوڵاتیان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەکەدا کە تیمی یەکێتی پێیانوایە ئه‌جێندای پارتی بەسەریدا زاڵە، ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێگری لە سەردانیکردنی ئارام قادر، سەرۆکی پێشووتری هاوپەیمانی نیشتمانی کراوە لە زینداندا. بەڵام تیمی یەکێتی ئەم بابەتە بە پەلەکردن دەزانن و پێیانوایە دەبوو چاوەڕێی وەڵامی دەزگا ئەمنییەکان بکرایە بۆ پێدانی مۆڵەتی بینینی ناوبراو.
ئارام قادر، په‌رله‌مانتاری پێشووى كوردستان، ماوه‌ى زیاتر له 2 مانگه له زیندانه. پێرێ په‌نجه‌ره بڵاویكرده‌وه كه ده‌سته‌ى مافی مرۆڤ ده‌یه‌وێت سه‌ردانى بكات بۆ به‌دواداچوونى كه‌یسه‌كه‌ى.
ئه‌و بابه‌ته‌ى كه زیاتر مشتومڕى له‌سه‌ر دروستبووه، دەستگیرکراوانی لالەزاره لەلایەن کۆماندۆ و دژە تیرۆرەوە كه گومانی ئەشکەنجەدانیان لێدەکرێت. له‌كاتێكدا تیمی یەکێتی پێیانوایە کە دەبێت چاوەڕێی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بکرێت و دواتر سەردانیان بکرێت، به‌ڵام تیمی پارتى سوورن له‌سه‌ر سه‌ردانیان و پێیانوایه كه پێشێلكاریی و ئه‌شكه‌نجه‌دان هه‌یه و پێویسته به‌دواداچوونیان بۆ بكرێت.
پاش بڵاوبوونەوەی دوو ڕاگەیەندراوە جیاوازەکەی دەستەی مافی مرۆڤ، تیمی یەکێتی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە ڕەنگە لەمەودوا دەزگا ئەمنییەکان وەک پێشووتر کارئاسانی‌یان بۆ نەکەن.
به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌نجه‌ره، پێشتر مۆڵەتی بینینی دەستگیرکراوەکانیان بە زارەکی وەردەگرت، بەڵام به‌پێی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى تیمی یه‌كێتى، لەمەودوا ڕه‌نگه لایه‌نه فه‌رمییه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى، داوای نووسراوی فەرمی دەستەیان لێبكه‌ن، ئەمەش ڕێوشوێنەکان ئاڵۆز و پڕ ڕۆتین دەکات.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یه‌ك بێت، ئه‌وا بێگومان بۆ ئه‌وه‌یه كه كێشمه‌كێشی نێوان یه‌كێتی و پارتى درێژه‌ى هه‌یه و كۆتایی نایه‌ت. ئه‌وان كه پێش ماوه‌یه‌ك گه‌یشتبوون به جۆرێك له‌ڕێككه‌وتن، له ڕووداوه‌كانى هێرشكردنه سه‌ر لاله‌زار، دیسان كه‌وتنه‌وه دژایه‌تیكردنى یه‌كتری.