كورد له وه‌زاره‌تى دارایی عێراقدا؛ ساڵ دواى ساڵ لاوازیی
٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:٢٨ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
ساڵ دواى ساڵ پێگه و ڕۆڵی كورد له وه‌زاره‌تى دارایی عێراق لاوازتر ده‌بێت، پسپۆڕێكیش پێیوایه كه نه‌توانراوه ئه‌م پۆستانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتى به‌كاربهێنرێت.
له‌دواى ساڵی 2014ـه‌وه كێشه داراییه‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا زیاتر په‌ره‌ى سه‌ندووه، له‌كاتێكدا له‌و ماوه‌یه‌دا له كۆی 4 وه‌زیر، دوانیان كورد بوون.
هۆشیار زێباریی، لە مانگی ئەیلولی 2014 تا مانگی ئەیلولی 2016، وەک وەزیری دارایی عێراق كاریکردووە، به‌مه‌ش ده‌بێته یه‌كه‌م وه‌زیری دارایی كورد له حكومه‌تى عێراقی.
دواى ئه‌ویش، فوئاد حسێن، وه‌زیری ئێستاى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، پۆستى وه‌زیری دارایی وه‌رگرت.
دوای ڕۆیشتنی فوئاد حسێن، ئه‌وانه‌ى له وه‌زاره‌تى داراییدا وه‌كو نوێنه‌رى كورد له وه‌زاره‌تى دارایی ڕۆڵیان گێڕا، زۆرتر پۆستى بریكارییان هه‌بووه، لەوانەش: مەسعود حەیدەر و ڕێباز حەملان. بەڵام ئەوانیش نه‌یانتوانیوه زۆر له‌و پۆسته‌دا بمێننه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وانیش دەستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه.
چۆمان محەمەد، پسپۆڕی یاسا، پێیوایه به‌گشتى سوود له‌و پۆسته بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتى هه‌رێمى كوردستان نه‌بینراوه.
ئه‌و نمونه‌ى هۆشیار زێباریی له‌كاتى بوونى به وه‌زیری دارایی هێنایه‌وه و به په‌نجه‌ره‌ى ڕاگه‌یاند: "بەدبەختییەکە ئەوەیە، (ئینفاقی فیعلی) کە دواتر بوو بە بەڵا بۆ هەرێمی کوردستان، لە سەردەمی هۆشیار زێباریدا جێگیرکرا."
پێیشیوایه ئه‌وانه‌ى نێردراونه‌ته به‌غدا له پۆسته سیادییه‌كاندا و له‌نێویاندا له وه‌زاره‌تى دارایی، نه‌یانتوانیوه سود له پۆسته‌كانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاولاتیانى هه‌رێم ببینن، له‌وباره‌شه‌وه ده‌ڵێت: "ئەوانەی نێردراونەتە بەغدا نوێنەرایەتی حزبییان کردووە و کەمتر وەکو کوردێک کاریانکردووە."
ئه‌گه‌رچی وه‌زاره‌تى دارایی ڕۆڵی گرنگی هه‌یه، به‌ڵام بڕیاره گرنگ و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه ده‌درێت.
چۆمان محەمەد، له‌مباره‌وه دەڵێت: "وەزارەتی دارایی عێراق لە هەندێک بواردا گرفتی بۆ کورد دروستکردووە، بەڵام دواجار بڕیارە یەکلاکەرەوەکان لای ئەنجومەنی وەزیرانن."
ئه‌گه‌رچی له‌و كاته‌نه‌شی كه پۆسته‌كانیان به‌ده‌ستبووه، به‌رپرسه كورده‌كانى وه‌زاره‌تى دارایی نه‌یانتوانیوه ڕۆڵێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه له چاره‌سه‌رى پرسه‌كانى په‌یوه‌ست به هه‌رێمى كوردستان ببینن، به‌ڵام كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌شداریی كورد له‌و وه‌زاره‌ته گرنگه و خاڵیبوونى وه‌زاره‌ته‌كه له هه‌ر به‌رپرسێكى كورد، ده‌كرێت ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ پاشه‌كشه‌ى كورد له ناوه‌ندی بڕیاردان و حومكڕانیی له به‌غدا و چۆڵكردنى گرنگترین ناوه‌ندی دارایی عێراق.