ڕێكخراوێكى ئه‌ڵمانى ده‌یه‌وێت مۆنۆمێنتێك بۆ ئه‌نفال له گه‌رمیان درووستبكات و حكومه‌ت لێی نایاته پێشه‌وه
٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٥:٥٤ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
ڕێكخراوێكى ئه‌ڵمانى زیاتر له ملیۆنێك دۆلاری بۆ دروستكردنى مۆنۆمێنتێك بۆ ئه‌نفال له گه‌رمیان ته‌رخانكردووه، به‌ڵام به‌هۆی به‌ده‌مه‌وه نه‌هاتنى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه، پڕۆژه‌كه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
زیاد فایەق، بەرپرسی پرۆژەکانی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، بە په‌نجه‌ره‌ى وت: "دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە ناحیەی ڕزگاریی له گه‌رمیان، دوو ملیۆن دۆلاری دەوێت، لەگەڵ حکومەتدا وا ڕێککەوتووین 50% بە 50% پرۆژەکە تەواو بکەین."
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوە ئەڵمانییەکە، حکومەتی هەرێم بینا بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفال دروست دەکات، ڕێکخراوەکەش سەرجەم کەرەستە و پێداویستییەکانی مۆنۆمێنتەکە دابین دەکات.
دەشڵێت: "بڕیاربوو حکومەتی هەرێم خەرجی پێداویستییەکانی تەواوکردنی بینای مۆنۆمێنت بگرێتە ئەستۆ و دوای تەواو بوونی، مۆنۆمێنتەکە ڕادەستی حکومەتی هەرێم بکرێت."
جەختیشیکردەوە: "تا ئێستا لە دیزاینی مۆنۆمێنتەکە 17 هەزار دۆلار خەرجکراوە و دوو دیزاینەری ئەڵمانی و مەکسیکی دیزاینی مۆنۆمێنتەکەیان کێشاوە، ئەو دوو دیزاینەرە چەند جارێک هاتوونەتە گەرمیان تا مۆنۆمێنتێک دروست بکەن لە ئاستی گەورەیی کارەساتی ئەنفال دا بێت."
زیاد وتیشی: "دوو دیزاینەرەکە لەسەر بنەمای گوێگرتن لە رزگاربوانی ئەنفال و چیرۆکە تراژیدییەکانیان، دیزاینی مۆنۆمێنتەکەیان کێشاوە و لەمەدا سودیان لە هۆڵۆکۆست وەرگرتووە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان 13 دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنت لە ناحیەی رزگاری سنوری گەرمیان تەرخانکردووە، ئەو ڕووبەرە زەوییە لە ئێستادا تەلبەند کراوە و چارەنوسی بە نادیاری ماوەتەوە.
زیاد فایەق دەڵێت: "خێرخوازێکی ئەڵمانی 35 هەزار دۆلاری بۆ مۆنۆمێنتەکە خستە سەر هەژماری بانکی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی، بەڵام بەهۆی تەرخان نەکردنی پارە لەلایەن حکومەتی هەرێم و دواکەوتنی دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە، خێرخوازەکە پارەکەی کێشایەوە."
هەرچەندە ئەو خێرخوازە پارەکەی کشاندووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ خەرجکردنی ئەو بەشەی پارەی مۆنۆمێنتەکە کەدەکەوێتە ئەستۆی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی.
لەکاتێکدا رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی سەرقاڵی پرۆژەی مۆنۆمێنتی ئەنفالە لە ناحیەی رزگاری، ڕۆژی 26ـى مانگی 1ـى 2025، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفال سەبارەت بە دروستکردنی مۆنۆمێنت لە ناحیەی رزگاریی کۆبوویەوە.
لایخۆشیه‌وه به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى گه‌رمیان، بێئاگایی خۆی له پرۆژه‌كه ده‌رده‌بڕێت.
جه‌بار عومه‌ر، به په‌نجه‌ره‌ى وت: وه‌كو حكومه‌ت خۆمان به‌نیازی دروستكردنى مۆنۆمێنتێكین.