شەڕێک له‌به‌ر ده‌رگادا؛ تورکیا دیمەشق هان دەدات و ئەمریکاش پاڵپشتی هه‌سه‌ده دەکات
٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:٣٨ پێش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
وادیارە ئاسۆی گفتوگۆ و ئاشتی لە سووریا تاریک دادێت، چونکە دوای شكستی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق، ئه‌گه‌رى پێكدادان له‌ئارادایه. بەپێی زانیارییەکان، تورکیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە هاندانی حکومەتی سووریا بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژ بە هه‌سه‌ده.
سەرچاوەکانی نزیک لە دەسەڵات ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی سووریا نیگەرانی خۆی دەربارەی توانای سەربازی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هه‌سه‌ده خستووەتەڕوو.
هۆکاری ئەم نیگەرانیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەلایەن ئەمریکاوە بە چەکی پێشکەوتوو پڕ چەککراون و مەشقی پێویستیان پێکراوە، لە کاتێکدا سوپای سووریا، بەتایبەت ئەو بەشانەی کە تازەن، ئەزموونی شەڕیان کەمە.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان، تورکیا بەڵێنی هاوکاریی سەربازی بە حکومەتی سووریا داوە. ئەم هاوکارییە ڕاستەوخۆ نییە، واتە تورکیا هێزەکانی خۆی بەشێوەی ڕاستەوخۆ ناخاتە نێو شەڕەکەوە، بەڵکو لە ڕێگەی گرووپە چەکدارە نزیکەکانی خۆی، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی، پاڵپشتی حکومەتی دیمەشق دەکات.
لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بۆ شەڕه‌كه دەکرێت، هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئەمەش گومان لەسەر داهاتووی ناوچەکە دروست دەکات، بەتایبەت لە سایەی هەوڵە دیپلۆماسییە شکستخواردووەکان.
لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ په‌نجه‌ره، ساڵح موسلیم، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەنها بەم وته‌یه وەڵامی هه‌ر مه‌ترسی و پێشهاتێكى دایه‌وه "ئێمە ئامادەین بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک." ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئامادەباشی هه‌سه‌ده له ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک.