"نیگه‌رانه‌ له‌ خۆیه‌كلایی نه‌كردنه‌وه‌ى"؛ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت سودانى وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیرانى لوبنان بێت

٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:٣٩ پێش نیوەڕۆ

"نیگه‌رانه‌ له‌ خۆیه‌كلایی نه‌كردنه‌وه‌ى"؛ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت سودانى وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیرانى لوبنان بێت

په‌نجه‌ره‌

عێراق دیسانەوە دەکەوێتە ناو گێژاوی پێکدادانە هەرێمییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی فراوانتر لە نێوان ئێران و ئیسرائیل. بە پێچەوانەی قۆناغی یەکەمی پێکدادانەکان، ئەمجارە چاودێران پێشبینی دەکەن میلیشیا شیعەکانی عێراق بەشێوەیەکی کارا تێوەبگلێن، ئەمەش حکومەتی عێراقی خستووەتە دۆخێکی نائاسایی، له‌كاتێكدا سودانیش له‌ژێر فشارێكى زۆری ئه‌مه‌ریكادایه‌.


نائومێدی ئەمریکا لە سودانی

لە کاتێکدا مەترسییەکانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل زیاتر دەبن، واشنتۆن نیگەرانییەکی قووڵی لەسەر هەڵوێستی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەردەبڕێت. 

ئەمریکا پێیوایە سودانی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە و سیاسەتی راگرتنى دڵی هه‌ردوولا پەیڕەو دەکات. ئەم سیاسەتە لە هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان ڕازیکردنی هێزە شیعەکانی پاڵپشتی حکومەت و خۆپاراستن لە توڕەیی ئەمریکا سەرچاوە دەگرێت.

به‌پێی زانیاریی و به‌دواداچوونه‌كانى په‌نجه‌ره‌، ئەمریکا دەیەوێت سودانی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هه‌بێت، هاوشێوەی سەرۆک و سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان لە دژایەتیکردنی حیزبوڵڵا، ئه‌ویش ڕووبەڕووی میلیشیا شیعەکانی عێراق ببێتەوە. بەڵام سودانی تائێستا ئەم داواکارییەی ئەمریکای جێبەجێ نەکردووە. ئەمەش بەتایبەتی لە کاتی هەوڵەکانی هێزە شیعەکان بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی و ناڕوونی هەڵوێستی سودانی بەرامبەر بەم یاسایە، زیاتر بۆ ئەمریکا دەرکەوت.

واشنتۆن ئێستا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە سودانی ئەو کارەکتەرە سیاسییە نییە کە بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و میلیشیا شیعەکان.

 

لەئەگەری دووبارە بوونەوەی شەری ئێران و ئیسرائیل گروپە وەلائییەکان ناتوانن بێدەنگ بمێننەوە

 

ئەم نیگەرانییە ئەمریکییە، بە بڕوای چاودێران، دەتوانێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر چانسەکانی سودانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ خولێکی تر هەبێت. سودانیش لەم دۆخە تێگەیشتووە و دەزانێت ئەستەمە بتوانێت پۆستەکەی بپارێزێت لە سایەی دژایەتییەکانی ڕۆژئاوا و هەندێک لە هێزە شیعەکان.


شەڕی پێشبینیکراو: تێوەگلانی میلیشیا شیعەکان

لە قۆناغی یەکەمی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، عێراق و میلیشیا شیعەکان خۆیان بەدوور گرت و عێراق پارێزراو بوو. بەڵام چاودێران پێشبینی دەکەن لە گەڕی دووەمی شەڕدا، دۆخەکە جیاوازتر بێت. ئەگەر شەڕەکە فراوان و یەکلاکەرەوە بێت، بەشێک لە میلیشیا شیعەکان، بەتایبەتی "هێزە وەلائییەکان"، ناتوانن بێ لایەن بمێننەوە، چونکە هێزی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق بە هەژموونی ئێرانەوە گرێ دەدەن.

هەرچەندە چاودێران بە دووری دەزانن هەموو هێزە شیعەکانی عێراق تێوەبگلێن، بەڵکو تەنها ئەو گروپانە بەشدار دەبن کە بە دڵسۆزی تەواوەتی بۆ ئێران ناسراون.

تێوەگلانی سەرجەم هێزە شیعەکانی عێراق خواستی ئەمریکاش نییە، جگە لەوەی لایەنە شیعەکانی عێراق خۆیان نایانەوێت هەموو هێلکەکانیان بخەنە یەک سەبەتەوە و ئایندەی دەسەڵاتیان لە وڵاتەکەدا بخەنە مەترسییەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو