ئێران هێزی زیاتر له ناوچه كوردییه‌كان كۆده‌كاته‌وه
٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:٣١ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
وتەبێژی پارکی ئازادی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێران هێزێکی زۆری لە شار و شارۆچکە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆکردووەتەوە، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆساڵیادی گیان له‌ده‌ستدانى ژینا ئەمینی.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ڕەنگە ئێران ترسی لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی هەبێت لە ساڵیادی ژینا ئەمینیدا، کە هەفتەی داهاتوو ساڵیادەکەیەتی، بۆیه ئه‌و هێزانه‌ى كۆكردووه‌ته‌وه."
وتیشی: "پێدەچێت هۆکاری تری جموجۆڵی سەربازی ئێران پەیوەندی بەو شەڕەوە هەبێت کە باسدەکرێت، گوایە لەگەڵ ئیسرائیل‌دا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەیە."
ژینا ئەمینی "مەھسا ئەمینی"، كچێكى 22 ساڵه‌ى خه‌ڵكى شاری سه‌قز بوو، لە ڕۆژی 13ـى ئەیلوولی 2022 له شاری تاران بە بیانووی نەگونجاویی له‌چكه‌كه‌یه‌وه، لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێران، دەستبەسەر کرا و ئەشکەنجەدرا، به‌وهۆیه‌شه‌وه گیانى له‌ده‌ستدا. له‌دواى گیان له‌ده‌ستدانیشی، ناڕه‌زایه‌تییه‌كى به‌رفراوان سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى ئێرانى گرته‌وه كه به شۆڕشى "ژن، ژیان، ئازادیی" ناسراو بوو.