گواستنه‌وه‌ى نه‌وت؛ عێراق به‌دوای ده‌روازه‌ی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت جگه له كوردستان
٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:٣٢ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
حكومه‌تى عێراقی جارێك ده‌یه‌وێت نه‌وته‌كه‌ى له‌ڕێگه‌ى سوریاوه بگه‌یه‌نێته بازاڕه‌كانى جیهان و جارێكیش له‌ڕێگه‌ى عومانه‌وه، له‌كاتێكدا بۆڕییه‌كى ئاماده‌ى نه‌وتی هه‌یه له كوردستان و به‌كارى ناهێنێت، ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه ده‌چن كه عێراق نایه‌وێت له پرسی نه‌وتدا ڕۆڵ به هه‌رێمى كوردستان بدات.
حكومه‌تى عێراقی به‌نیازه چه‌ند هێڵێكى نوێی گواستنه‌وه‌ى نه‌وته‌كه‌ى بۆ بازاڕه‌كانى جیهان درووستبكات، كه دیارترینیان كه له‌م دواییانه خروانه‌ته به‌رباس، هێڵی كه‌ركوك- بانیاس و عێراق- عومانه.
پڕۆژەی هێڵی نەوتی عومان: دەروازەیەکی نوێ بۆ بازاڕەکانی جیهان
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ)، عەلی نزار، نیازی خۆیان بۆ درووستكردنى هێڵێكى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت له عێراقه‌وه بۆ عومان ئاشكرا كرد.
به‌وته‌ى خۆی، ئامانجی سەرەکی ئەم هێڵە بریتییە لە گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ دامەزراوەیەکی گەورەی کۆگاکردن لە "ره‌ئس مەرکەز"ـی عومان، کە توانای سەرەتایی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی دەبێت.
هەوڵە پێشووەکان: بانیاسی سوریا وەک بژاردەیەکی ستراتیژی
ئەمە یەکەم هەوڵی عێراق نییە بۆ دۆزینەوەی رێڕەوی نوێی هەناردەکردن. چوار مانگ پێشتر، شاندێکی فەرمی و باڵای عێراقی سەردانی سوریای کرد بۆ نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنەوەی هێڵی نەوتی کەرکووک-بانیاس. ئەم هێڵە یەکێکە لە کۆنترین رێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بیرۆكه‌ى گه‌وره و جێبه‌جێكردنى ئه‌سته‌م
هه‌ریه‌كه له‌و دوو هێڵه‌ى عێراق به‌نیازی ڕاكێشانێتى، درووستكردنیان زۆر قورس و ته‌نانه‌ت ئه‌سته‌مه.
هه‌رچی هێڵی كه‌ركوك- بانیاس، درێژییه‌كه‌ى 800 كیلۆمه‌تره و گوڕه‌كه‌ى 300 به‌رمیل نه‌وته له ڕۆژێكدا. به‌وهۆیه‌ى له‌ساڵی 1952 درووستكراوه، زیانێكى زۆری به‌ركه‌وتووه و به‌گوێره‌ى راپۆرتی سه‌كۆی "ئیكۆ عێراق"، بودجه‌ى چاككردنه‌وه‌ى له‌نێوان 400 بۆ 600 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، كه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌م دۆخه داراییه‌ى ئێستا عێراق و سوریا، زۆر گونجاو نییه.
جگه له‌وه‌ش هێڵه‌كه كۆنه و واباشتره هێڵێكى نوێ درووستبكرێت كه ئه‌مه‌ش به‌و دوو وڵاته ناكرێت. ئه‌مه جگه له لێكه‌وته ئه‌منی و سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌تى له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا كه سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منییان زامن نییه.
ئەم ستراتیجەی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە رێڕەوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
هه‌رچی هێڵی عێراق- عومانه، ئه‌وا جێبه‌جێكردنى زۆر قورسه، چونكه ئه‌و دوو وڵاته سنووری هاوبه‌شیان نییه و به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى كۆمپانیای سۆمۆش، ئه‌گه‌ر هێڵه‌كه وشكانیی بێت ئه‌وا ده‌بێت به‌ناو وڵاتى دیكه‌وه بگاته عومان، ئه‌گه‌ریش ئاوی بێت ئه‌وا به كه‌شتى ده‌گه‌یه‌نرێته ئه‌و وڵاته و له‌وێ هه‌ڵده‌گیرێت و دواتر هه‌نارده‌ى بازاڕه جیهانییه‌كان ده‌كرێت.
پشتبەستن بە رێڕەوە نوێکان و دوورکەوتنەوە لە هەرێم
ئەم هەوڵە نوێیانەی عێراق بۆ دروستکردنی هێڵێکی نەوت بۆ عومان و هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی هێڵی نەوتی سوریا، لە کاتێکدایە کە عێراق خاوەنی هێڵی نەوتی کەرکووک-جەیهانی تورکیایە. بەڵام بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی ئەم هێڵەوە لەدوای بڕیارێکی دادگای نێوبژیکاری نێودەوڵەتی لە پاریس لە مانگی ئازاری 2023، سوود لەم هێڵە وەرناگرێت.
ئەم ستراتیجە نوێیەی عێراق بە هەوڵێک لێکدەدرێته‌وه بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە رێڕەوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، له‌كاتێكدا به هه‌موو پێوه‌رێك هێڵه‌كه‌ى هه‌رێم گونجاو تر و كه‌م خه‌رجیی تره، له‌كاتێكدا ئه‌وانه‌ى دیكه درووستكردن و بونیادنانیان ئه‌گه‌ر ئه‌سته‌م نه‌بێت، ئه‌وا لانیكه‌م زۆر قورسه. زمانى حاڵی حكومه‌تى عێراقیش ده‌ڵێت: هه‌موو ڕێگه و هێڵ و ده‌روازه‌یه‌ك قه‌بووڵه، ئه‌گه‌ر به هه‌رێمى كوردستاندا نه‌چێت!