موقتەدا سەدر؛ سهرباری دوورکەوتنەوەی هێشتا هەڕەشەیه بۆ ڕکابەرەکانی
٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠٠ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر ڕکابەرە شیعەکانی دەمێنێتەوە. بێدەنگی و متبوونی سەدر، کە بە فەرمی بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ڕاگەیاندووە، هێشتا مایەی نیگەرانییەکی قووڵە بۆ لایەنە شیعەکان، بەو پێیەی دەستبەرداری خەونی مێژوویی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و وەلانانی هێزە شیعەکانی دیکە نەبووە.
سەدر و گۆڕینی بڕیارەکان: سەرچاوەی نیگەرانی ڕکابەرەکان
گۆڕینی ناوی "ڕەوتی سەدر" بۆ "ڕەوتی نیشتمانیی شیعە" لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، سەرەتا وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن لێکدرایەوە. بەڵام سەدر بە خێرایی ئەم لێکدانەوەیەی ڕەتکردەوە و جەختی لەسەر بێلایەنی خۆی کردەوە.
نەجات حسێن، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی شیعی، لە لێدوانێکدا بۆ "پەنجەرە" ئاماژەی بەوەدا: "گرفتەکە لەوەدایە سەماحەتی سەدر زوو زوو بڕیارەکانی دەگۆڕێت." حسێن ئەوەشی خستەڕوو کە سەدر خواستی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی هەیە، بەڵام ئەمە بە قورس دەزانێت بۆ عێراق.
سەرکەوتنەکانی ڕابردوو و هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021دا، ڕەوتی سەدر 73 کورسی لە کۆی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، ئەمەش سەرکەوتنێکی بەرچاو بوو بەسەر ڕکابەرە شیعەکانیدا، بە بەراورد بە 54 کورسی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018. دوای ئەم سەرکەوتنە، سەدر هەوڵیدا حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و عەڕەبی سوننە پێکبهێنێت، بەبێ بەشداری لایەنە شیعەکانی دیکە. بەڵام دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی، گۆڕەپانەکەی بۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چۆڵکرد.
چاوەڕوانی گەڕانەوە و خەونی حکومەتی زۆرینە
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە جموجۆڵەکانی ڕەوتی سەدر، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "سەدر دەستبەرداری خەونی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە نەبووە، و هەر کاتێک هەست بەوە بکات گۆڕەپانەکە لەبارە، دەگەڕێتەوە نێو ساحەی سیاسی."
سەدر چەندین جار هەوڵی گەڕانەوەی بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی داوە، دواترینیان کۆبوونەوەیەک بوو لەگەڵ 10 گرووپی شیعەدا بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانییان، بەڵام بە خێرایی لە گەڕانەوەکەی پەشیمان بووەوە.
هێزی جەماوەری و سەربازیی ڕەوتی سەدر
ڕەوتی سەدر وەک یەکێک لە هێزە جەماوەرییە گەورەکانی شیعە دادەنرێت. جگە لە بنکە جەماوەرییە فراوانەکەی، خاوەنی هێزێکی چەکداریشە بە ناوی "سەرایە سەلام"، کە جموجۆڵە سەربازییەکانیان لەژێر ڕێنمایی ڕاستەوخۆی موقتەدا سەدردان.
فشارەکان و چاوەڕوانی گۆڕانکاری
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە سەدر لەژێر فشاردا لە پڕۆسەی سیاسی کشاوەتەوە. ئەوان پێشبینی دەکەن کە لە ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکەدا، سەدر دەگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانەکە بۆ گەیشتن بە خەونەکەی کە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەیە.
لهبهرامبهریشدا، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە وریاییەوە چاودێری جموجۆڵەکانی سەدر دەکەن، بەوپێیەی گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانەکە دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر هێز و پێگە و دەسەڵاتیان.