"یەکخستنەوەی پێشمهرگه"؛ خهونێك كه بهرژهوهندیی و بێمتمانهیی ناهێڵن بهدیی بێت
٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١:٥٥ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره، فەرمان سادق
لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی حکومی کۆکن چاکسازی له پرسی پێشمهرگه و یهكخستنهوهیدا كراوه، بەڵام هێشتا له "ئاستى تموحدا" نین، تهنانهت ئەمریکا و هاوپەیمانان نیگەرانن لهوبارهیهوه، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: یەکخستنەکە ئیرادەی سیاسی پێویستە.
بیرۆکە و یەکەم هەوڵی یەکخستی هێزەکانی یەکەی حەفتا و یەکەی هەشتا لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و بوونی یەک هێزی تۆکمە و پڕ چەک و ڕاهێنراو کە جووڵەپێکردنی بەدەست وەزارەتی پێشمەرگە بێت، دەگەڕێتەوە بۆ پێش 2017 بە دەستپێشخەری ئەمریکا و هاوپەیمانان، بەڵام دوو کابینەی حکومەت تێپەڕین هێشتا ئەو هێزە یەکنەخراوەتەوە.
"پێداچوونەوە بە میکانیزمی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری پسپۆرانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەینەو". ئەمە ئەم بەڵێنە بوو کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیهم، لە ئاستی چاکسازی بە خەڵکی کوردستانی دا، بەڵام کابینەكه تەمەنی کۆتایی هات و هێزی پێشمەرگەش یەکنەخرایەوە، ئهمهش ئەگەری هەیە ببێتە مەترسی بەسەر بهردهوامیی کۆمەکی هاوپەیمانان.
چاکسازییەکان لەنێوان ڕاپۆرت و واقیعدا
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لە دوو ڕاپۆرتی جیاوازدا لەسەر کار و چالاکییەکانی کابینەی نۆیەم، هەنگاوەکانی چاکسازی هێزی پێشمەرگەی باسکردووە.
ڕاپۆرتی یەکەم، کار و چالاکی سێ ساڵی یەکەمی کابینەی نۆیەم خراوەتەڕوو، هەروەها هی دووەمیش تایبەتە بە ساڵی چوارەم، بەڵام لە باسی وەزارەتی پێشمەرگە هەمان ئەوەی لە ڕاپۆرتی یەکەم باسکراوە کۆپی پەیست کراوە بۆ ڕاپۆرتی دووەمیش بێ ئەوەی هیچی نوێی تێدا بێت!
لە پرسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئەوە باسکراوە کە لیوا هاوبەشەکان بۆ 22 لیوا زیادیان کردووە کە پێشتر 14 لیوا بوون
لە ڕاپۆرتەکەدا چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە دابەشی سەر چوار ئاست کراوە: چاکسازیی، دارایی و ژمێریاری، خزمەتگوزاری و کارگێڕی، ڕێکخستنی میلاک، کە بەکۆی گشتی لە 34 خاڵدا چڕ کراوەتەوە.
لە پرسی دارایی و ژمێریاری بەهیچ شێوەیەک باس لە یەکخستنی یەکەی ژمێریاری هەردوو هێزی حەفتا و هەشتا نەکراوە، هەروەها لە پرسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەش تەنیا ئەوە باسکراوە کە لیوا هاوبەشەکان بۆ 22 لیوا زیادیان کردووە کە پێشتر 14 لیوا بوون.
مێژووی هەوڵەکان و بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکان
پڕۆسەی چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنەوەیان، دەگەڕێتەوە بۆ پێش 2017 و ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کە ئەوکات چوارچێوە گشتییەکەی 36 مادە بوو، لە 2017 و کابینەی هەشتەم ئیشی لەسەر کرا و بووە بەشێکیش لە کارنامەی کابینەی نۆیەم.
میران بەکر، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە به پهنجهرهى وت: یەکەم کارێک کە زۆر گرنگ بوو بەبڕیاری وەزیری پێشمەرگە لیژنەی ئاڵوگۆڕ هەڵوەشایەوە و ئیدی ڕێگریکرا لەوەی ئەفسەرێکی یەکێتی بەرانبەر بە بەرزکردنەوەی پلە و بەرپرسیاریەتی سەنگەر بۆ ناو پارتی بگوازێتەوە، یان ئەفسەرێکی پارتی بۆ هەمان مەبەست سەنگەر بگوازێتەوە و ببێت بە یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆست و پلەی بەرزتر.
"نەهێشتنی ئابوونەی حزبی یەکێکی دیکە بوو لە بڕیارە گرنگەکان، هاوکات ڕێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە کە پێشتر لە دوو بارەگای پارتی و یەکێتی دەچوو لەناو بینای وەزارەتی پێشمەرگە و هەوڵی زۆردراوە بۆ ئەوەی سیمای وەزارەتی پێشمەرگە لە سیمای وەزارەتێکی حکومەتی بچێت نەک بارەگای حیزبی". میران بەکر وەهای بە پەنجەرە وت؛ ئەوەشی خستەڕوو ئینجا کار لەسەر تێکەڵکردنی لیواکانی یەکەی حەفتا و یەکەی هەشتا کرا بۆ سەر لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئێستا ژمارەی لیوا یەکخراوەکان گەیشتووەتە 28 لیوا.
زیاتر وتیشی: "36 خاڵەکەی ساڵی 2022 بۆ 28 خاڵ کەمکرایەوە و زۆرێکیش لە خاڵەکان جێبەجێکراون و ئێستا لە قۆناغی دابەشکردنی پێشمەرگە و لیواکانین بەسەر فیرقەکان و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و دابەشکردنی کوردستانە بەسەر سنووری کاری فیرقەکان، بەمەش کۆتایی بە ئامر میحوەرەکانی ئەندامانی مەکتەب سیاسی هەردوو حزب دێت کە پێشتر ئەوان ئەو بەرپرسیاریەتەیان وەردەگرت".
هەنگاوەکان بەرەو یەکخستنەوە: سەرکەوتنەکان و ئاڵنگارییەکان
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم، لەسەر چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە بە پەنجەرەـی وت: چاکسازی لەسێکتەری وەزارەتی پێشمەرگە دوو گرفتی هەبوون، ئەوانیش پرسی مووچە و پارەدارکردنی ئەو هێزە و پرسی یەکخستنەوەیان.
خەرجی بەکارخستن و پارەدارکردنی یەکەکان کراوەتە مەرکەزی و بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت
"لەڕووی مووچە و پارەدارکردنی پێشمەرگەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەکەی حەفتا و یەکەی هەشتا، ئەم کێشەیە چارەسەرکراو و هەموو پێشمەرگەیەک ئێستا لە کوردستان لەڕێگەی هەژماری من و (UPN)ـی تایبەتی خۆی مووچە وەردەگرێت، هەروەها خەرجی بەکارخستن و پارەدارکردنیش کراوەتە مەرکەزی و بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت". ئەو سەرچاوەیە واى بە پەنجەرە وت.
ئەوەشی خستەڕوو کە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەردوو یەکەی حەفتا و یەکەی هەشتا بە سیستمی تەجنید تێدەپەڕن لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوانەی لە لیژنەی یەکخستن دەردەچن دەخرێنە ناو لیوا هاوبەشەکان و دواتر لیواکانیش دابەشی سەر ئەو یانزە فیرقە دەکرێن کە بڕیاری لێدراوە، ئەوانەشیان تەمەنیان هەڵکشاوە بەپێی یاسا خانەنشین دەکرێن.
نیگەرانی هاوپەیمانان: یەکخستنەوەیەکی شێوەیی؟
پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حكومهت، کاریگەری نەرێنی بەسەر پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە داناوە و هەنگاوەکانی سست کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەنجەرە ئەمریکی و بەریتانیاییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بهمه كردووه، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕاگەیاندنی فیرقەکان دروستکردووە، بەجۆرێک پارتی و یەکێتی لەهەوڵی ئەوەدان کە بەپرسی فیرقەکان لەنێوان خۆیان دابەشبکەن و بەرپرسی فیرقەکانی زۆنی سەوز پلەدارە یەکێتییەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە بن و هی زۆنی زەردیش بەهەمان شێوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەوەی ئێستا ئەنجامدراوە بە "دڵی ئەمریکاییەکان و هاوپەیمانان نییە" و ئەوانیش دەزانن کە یەکخستنەکە شکڵییە و دەزانن دەسەڵاتی جووڵاندنیان هێشتا لە دەستی پارتی و یەکێتی دایە نەک حکومەتی هەرێم، جگە لەمەش هێشتا پارتی و یەکێتی نیەتێکی جدییان نییە لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەروەها وڵاتانی هەرێمایەتیش لەهەوڵی پەکخستنی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە نیگەرانی ئەمریکاییەکان و هاوپەیمانان کرد، باسی لەوەکرد نزیکەی دوو ساڵە کەمترین کۆمەکی هاوپەیمانان بە وەزارەتی پێشمەرگە دراوە، ئەمەش دوای هەستکردنی هاوپەیمانان بە پاشەکشی لە یەکخستنی ئەو هێزە، بهشێوهیهك ساڵانی (2021، 2022 و 2023) کۆمەکی وەزارەتی پێشمەرگەیان نەکرد.
سەرچاوەکە پێیوابوو "هەنگاوی چاکسازی باش" لە وەزارەتی پێشمەرگە نراوه، بەڵام وهكخۆی وتى: زۆربهى ئهوهى كراوه "شکڵییە" و لە "ناوەڕۆکدا پاشەکشەی زۆر هەیە و مەترسیش هەیە، هێزی پێشمەرگە ئەو هێزە ئامادە نییە کە خەڵک لێی تێگەیشتووە، کۆمەڵێک کەموکوڕی زۆر هەن، بەهۆی ئەوەی یەک سەرکردایەتی نییە".
بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە پەراوێزی دیداری ئەمریکی لە سلێمانی کە ساڵانە زانکۆی ئەمریکی ڕێکیدەخات، لەسەر یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە میدیاکانی ڕایگەیاندبوو کە "پڕۆسەى ڕێکخستن و یەکگرتنەوەى پێشمەرگە بەردەوامە، بەڵام لە تموحى ئێمەدا نییە و خاوى تێدەکەوێت".
وتیشى: "لەساڵى 2026 یاداشتى لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ هاوپەیمانان کۆتایی دێت بۆ ڕێکخستن و یەکگرتنەوەى پێشمەرگە ئەگەر تا ئەو کاتە پڕۆسەکە کۆتایی بێت چانسیان هەیە بۆ نوێکردنەوەى یاداشتەکە".
لەسەر ئەمە، عوسمان کەریم سوارە، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی كه هاوكات جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروبای پێشمەرگە بوو له پهرلهمان، به پهنجهرهى وت: "لە کابینەی نۆیەم تا ڕێژەی 70% پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە ئەنجامدراوە و ئیشی زۆریش کراوە، بەڵام بێگومان "لە ئاستی تموحی هەموومان نییە".
پارتی و یەکێتی لە شاخەوە تاوەکو ئێستا خاوەن هێزی خۆیانن
سەعید هەرکی، پەرلەمانتاری پێشووى پارتی، لەگەڵ قسهكانى عوسمان کەریم سوارە هاوڕایە و دەڵێت: یەکخستنی ئەم دوو هێزە ئیرادەیەکی سیاسی دەوێت.
یەکەی حەفتا و یەکەی هەشتا، مێژوویهك لە ململانێ
یەکەی حەفتا و یەکەی هەشتا، ئەم دوو هێزەی درێژکراوەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانن، کە دواى ڕاپەڕینی 1991 و پاشان دروستبوونی یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو هێزەکە زۆرترین کەسیان لە خۆیاندا کۆکردەوە و ژمارەیان لە چەند هەزارێکهوه بوو بە هەزاران.
دوای ڕووخانی بەعس و بەهۆی گەورەتربوونی هەردوو هێزەکە، ئیدی شێوەیەکی فەرمیتریان وەرگرت و ناوەکانیان بۆ یەکەی حەفتا و یەکەی هەشتا گۆڕدران و دابەشی سەر لیوا کران.
ئەم دوو هێزە هەر لەسەرەتای دامەزراندیانەوە تاوەکو 2003، چەندینجار لولەی تفەنگیان لەیەکتری کردووە، ههربۆیه چاودێرانی سیاسی کۆکن لەسەر ئەوەی پارتی و یەکێتی مانەوەی خۆیان لە هەڕەمی دەسەڵات، لە مانەوەی ئەم هێزە لەژێر چنگ و فرمانی خۆیاندا دەبینن، ههر ئهمهشه وایكردووه ههردوو هێزهكه متمانەیان بەیەکتری نەبێت لە توانەوەیان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
سەعید هەرکی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی كه ئهندام بوو لە لیژنەی پێشمەرگەى پهرلهماندا، به پهنجهرهى وت: "لەگەڵ ئەوەی هەنگاوی چاکسازی زۆر باش لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدراوە، بەڵام یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە."
لای خۆشیەوە عوسمان کەریم سوارە، پێیوایه ئەوەی ماوە، لەمپەری سیاسی و متمانەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی.
زیاتر وتی: "بەداخەوە لەڕووی واقیعەوە پارتی و یەکێتی لە شاخەوە تاوەکو ئێستا خاوەن هێزی خۆیانن، ئێستاش فەرماندەکانی پێشمەرگە کادری پارتی و یەکێتیین و پابەندنیشن بە حزبەکانیان و ڕەنگدانەوەی حزبیان پێوە دیارە، بەڵام هەنگاویش نراوە".