"دوو ڕاپۆرت له‌به‌رده‌م سودانی دا"؛ حكومه‌تى عێراقی سبه‌ینێ تاوتوێی پرسی داهاته‌كانى هه‌رێم ده‌كات
٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠٥ پاش نیوەڕۆ

په‌نجه‌ره
ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای ده‌كات کە شاندەکانی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و بەغدا دوو ڕاپۆرتی تایبەت بە نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیران کردووە، بڕیارە سبەینێ سێشەممە لە كۆبوونه‌وه‌ى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ بکرێن.
راوێژکارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: شاندى دانوستانكاریی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، دوو ڕاپۆرتیان ئاماده كردووه له‌باره‌ى داهاته نه‌وتی و داهاته نانه‌وتییه‌كانه‌وه و رِاده‌ستى سه‌رۆك وه‌زیرانیان كردووه، برِيارة سبه‌ینێ كه كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تاوتوێی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان بكرێت.
ئه‌و ڕاوێژكاره پێشبینی خۆیشی خسته‌ڕوو به‌وه‌ى سودانى هەفتەیەکی دیکە مۆڵه‌ت بە شاندەکان بدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی كۆنكریتی و کۆتایی.
هاوکات ئاماژەی بە ئەگەرێكی دیکەش کرد کە بریتییه له‌وه‌ى سودانی پرسەکە ئاراستەی دادگای فیدراڵی یان ئەنجومەنی دەوڵەت بکات، ئەگەر شاندەکان نەتوانن لەسەر خاڵە جیاوازەکان بگەنە ڕێککەوتن.
سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی دانوستانەکان، راوێژکارەکەی سودانی ڕوونیکردەوە کە لە بواری داهاتە نانەوتییەکاندا نزیکبوونەوەی بەرچاو هەیە لە نێوان هەردوولادا، بەڵام هێشتا پرسی نەوت و گرفتی کۆمپانیا نەوتییەکان وەکخۆی ماوەتەوە و هیچ ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە بەدەستنەهاتووە.