سه‌ركرده‌ شیعییه‌كان نیگه‌رانن له‌ هه‌ڵوێستی كورد به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی

٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٥:٤٥ پاش نیوەڕۆ

سه‌ركرده‌ شیعییه‌كان نیگه‌رانن له‌ هه‌ڵوێستی كورد به‌رامبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی

په‌نجه‌ره‌

لایەنە شیعەکانی عێراق نیگەرانن لە هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان بەرامبەر بە حەشدی شەعبی و پێیانوایە کورد وەکو "نەیار" لەو هێزە دەڕوانێت، هەروەها حەشدی شەعبیشیان بێبەریی کردووە بەرامبەر هێرشی درۆنی سەر کێڵگە نەوتییەکان.

بەپێی زانیارییه‌كانى پەنجەرە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، باسی له‌وه‌كردووه‌ "کورد وەکو نەیار لە حەشدی شەعبی دەڕوانێت، لەکاتێکدا لایەنە شیعەکان پەیوەندی مێژووییان لەگەڵ کورد هەیە، بەدیاریکراوی بنەماڵەی حەکیم و چەند خێزانێکی تری ریشەداری شیعی."

له‌ماوه‌كانى ڕابردوودا زمانى به‌رپرسانى كورد به‌رامبه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی توند بوو، پاش تۆماركردنى زنجیره‌یه‌ك هێرشی درۆنى و پێشتریش مووشه‌كى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و به‌تایبه‌تى شاده‌ماری وزه‌ "كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كان".

به‌ڵام ئه‌عره‌جی ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ ئەوانەی هێرشیانکردووەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، گوزارشت لە حەشدی شەعبی ناکەن، بەڵکو وه‌كخۆی وتویه‌تى: "چەند گروپێکی دیاریکراون"، به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌ڕوونى ناویان بێنێت.

هه‌فته‌ى ڕابردووش ئه‌عره‌جی كه‌ به‌ نزیكایه‌تى له‌ كورد و به‌تایبه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌سف ده‌كرێت و زوو زوو سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، له‌ دیدارێكى كه‌ناڵی ئه‌لشه‌رقییه‌دا باسی له‌وه‌كردبوو كه‌ چیتر هێرشی درۆنی ناكرێته‌ سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێم.
 
ئه‌م قسانه‌ى ناوبراو له‌باره‌ى تێڕوانینی كورد بۆ حه‌شدی شه‌عبی، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كشاندنه‌وه‌ى پرۆژه‌ یاسای ماف و ئیمتیازاته‌كانى چه‌كدارانى حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان به‌رده‌وام دژى بوون و به‌مه‌به‌ستى تێنه‌په‌ڕاندنیشی بایكۆتى دانیشتنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیان ده‌كرد.

ئەعرەجی داوای گۆڕانکاری هەڵوێستی کوردی کردووە بەرامبەر بە حەشدی شەعبی و ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر گۆڕانکاری لە هەڵوێستیدا ڕووبدات، هاوکاریان دەبن بۆ تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی لەکاتێکی تردا."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو