ململانێی جبوریی و عوبێدیی پێگهى سیاسی عهرهبی له كهركوك گۆڕیوه
٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
هەرچەندە ناکۆکی نێو کەسایەتی و لایەنە عەرەبییەکانی کەرکوک لەسەر دەسەڵات و پێگەیان لە نێو عەرەبە سونەکانی پارێزگاکە بەڕواڵەت ناکۆکیی سیاسییە، بەڵام ناکۆکییەکان ڕەگی خێڵەکیشیان هەیە، بەو پێیەی پێگەی هۆزە عەرەبەکان لەو شارە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
شەوی 10ـى ئابی 2024، پۆستی پارێزگار لە ڕاکان جبوری وەرگیرایەوە و درا بە ڕێبوار تەها، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی، لەم گۆڕانکارییەدا جێگە بە ڕاکان جبوری لێژکرا و دەسەڵاتی لێوەرگیرایەوە، کە عوبێدییەکان بەشێکبوون لەو ڕێککەوتنەی جبوریی پێ لابرا.
مەحمود زەیدان، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و کەسایەتی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "پاڵپشتیکردنی هۆزی عوبێد لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک بابەتێکی ئاساییە، ئهگەرچی هەندێک خەڵک لە دیدی خێڵەکییانەوە لەم مەسەلە دەڕوانن و ئەمەش هەڵەیە."
دوای لابردنی ڕاکان جبوری لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک و دەستبەکاربوونی ڕێبوار تەها، بەشێک لە هۆزی عوبێد لەگەڵ وەسفی عاسی ئەمیری هۆزەکەیان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی پارێزگاری کەرکوکیان کرد و پشتگیری خۆیان بۆ ڕێبوار تەها پارێزگاری نوێی پارێزگاکە دووپاتکردەوە.
پشتگیریکردنی هۆزی عوبێد بە سەرۆکایەتی وەسفی عاسی لە ئیدارەی نوێی کەرکوک، لەکاتێکدایە ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە ڕکابەری ئەمیری هۆزی عوبێد دادەنرێت و کەسایەتییەکی دیاری عەشیرەتی جبورە، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەربڕی.
سەرباری ئەوەی کێشەی عەرەبی سونە ڕەگێکی خێڵەکیشی هەیە، بەڵام جبور و عوبێد بەسەر کوتلەی خەنجەر و حەلبوسیدا دابەشبوون، بهشێوهیهك ڕاکان جبوری لە کوتلەی سەروەریی و وەسفی عاسیش لە کوتلەی تەقەدومی حەلبوسییە، بەڵام محەمەد تەمیمی کەسی یەکەمی کوتلەکەی حەلبوسیش هەر جبورە.
تێکەڵبوونی ململانێی سیاسی و خێڵەکی لە نێوان دوو لایەنە ڕکابەرەکەی کەرکوک، وایکردووە پاڵپشتیکارانی ڕاکان جبوری تانە لە ڕکابەرەکانیان بدەن بەوەی ئیدارەی کەرکوکیان ڕادەستی کورد کردووە، ئەوانیش بەوە وەڵامیان دەدەنەوە پۆستی پارێزگار وەردەگرنەوە و هێزیشیان بۆ سونە گێڕاوەتەوە.