شهڕ لهگهڵ ئێران؛ ئیسرائیل پهلهیهتى و ئێران خۆی ئاماده دهكات و ڕۆژئاوا نیگهرانه
٩ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١:٤٠ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕکردنی هۆشداری و هەڕەشەکان، ئەمەش مەترسی هەڵگیرسانی قۆناغێکی نوێی شەڕی نێوانیانی زیاتر کردووە. چاودێران پێیانوایە ئیسرائیل بە پەلە بەدوای دەستپێکردنی ئەم شەڕەدا دەگەڕێت، بە تایبەت پێش هەڵبژاردنەکانی سینات و کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا.
پهنجهره بهشت بهستن به شرۆڤهى چهند چاودێرێكى سیاسی، پوختهى پێشهاتهكان و ئاراستهكانیان دهخاتهڕو.
پەلەکردنی ئیسرائیل: پلانێک بۆ گلاندنی ئەمریکا؟
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل دەیەوێت پێش سەرقاڵبوونی ئەمریکا بە هەڵبژاردنە ناوخۆییهكانى كۆنگرێس و سینات له ساڵی داهاتوو، واشنتۆن بخاتە نێو ئەم شەڕەوە. بە بڕوای ئەوان، ئەمە تاکە دەرفەتە بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی شەڕ، چونکە دواتر ئەمریکا سەرقاڵ دەبێت و دەرفەتەکە لاواز دەبێت.
ترسی ڕۆژاوا لە گۆڕانکارییەکان
لە کاتێکدا ئیسرائیل پەلە دەکات، وڵاتانی ڕۆژاوا بە هەستیاری و ترسەوە سەیری دۆخی ئێران دەکەن. ئەوان نیگەرانن لەوەی تێکچوونی بارودۆخی ئێران ببێتە هۆی دۆخێکی نائارام کە بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت.
هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا پێیانوایە ڕووخانی ڕژێمی ئێران دەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆیی، لە کاتێکدا ئیسرائیل بە ئاشکرا خوازیاری گۆڕانکاری سیاسییە لەو وڵاتەدا.
ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و مەترسی دەستوەردان
بەپێی چاودێران، خراپبوونی دۆخی کارەبا و ئاو لە ئێران ناڕەزایەتی گەورەی لێکەوتووەتەوە. ئەمەش وایکردووە هەندێک لە وڵاتانی نەیاری ئێران خوازیاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی زیاتر و دواتر دەستوەردانی دەرەکی بن.
ئێران لە مەترسی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان تێگەیشتووە و هەزاران کەسی دەستگیرکردووە بۆ دڵنیابوون لە ناوخۆ لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا.
ئیسرائیل و تەرازوی سەرکەوتن
سەرباری ئەوەی ئیسرائیل لە قۆناغی یەکەمی شەڕدا زیانی گەورەی بە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاند و ژمارەیەک سەرکردەی باڵای سەربازی کوشتن، بەڵام هێشتا خۆی بە براوەی شەڕەکە نازانێت.
ئەم بۆچوونە تەنها بۆ شەڕی ئێران نییە، بەڵکو بۆ شەڕەکانی حەماس و حیزبوڵڵاش ڕاستە، چونکە ئیسرائیل ئامانجی گەورەتری هەیە.
گەورەترین گرفتی ئیسرائیل ئەوەیە کە نەیارەکانی، وێڕای هێرش و زیانەکان، ئامادە نین سازش بکەن. ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل لەوە بترسێت ئێران دەرفەت بۆ بەهێزبوونەوە بقۆزێتەوە.
هەرچەندە ئیسرائیل زیانی زۆری بە غەززە و حەماس و حیزبوڵڵا گەیاندووە، بەڵام هیچکام لەم هێزانە دەستیان لە ئامانجەکانیان هەڵنەگرتووە، بە تایبەت دەستبەرداربوون لە چەک و داننان بە ئیسرائیلدا.
چاودێران پێیانوایە ئیسرائیل خۆی بە براوەی جەنگ نازانێت ئەگەر ئامانجەکانی نەپێکێت، هەرچەندە زیانی زۆریش بە نەیارەکانی بگەیەنێت. ئەمەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی قۆناغێکی تری شەڕ لەگەڵ ئێران بەهێز دەکات.