"گەریلاکانی جاسەنە لە قەندیلن و ئامادەی ئاشتین"
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:١٢ پێش نیوەڕۆ

پهنجهره
سیاسەتمەدارێکی نزیک له پهكهكه ڕایدهگهیهنێت ئەو 30 گەریلایەی کە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنەی پارێزگای سلێمانی سووتاند، ئێستا لە قەندیلن و بەشێکن لە ریزەکانی پەکەکە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، کە وەک سیاسەتمەدارێکی نزیک لە پەکەکە ناسراوە، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە ئەو گروپە گەریلاییە لە شوێنێکی جیاواز لە چەکدارەکانی تری پەکەکە جێگیر کراون.
ناوبراو لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ئاماژەی بەوەدا: "پرۆسەی چەک سووتاندنەکە هێمایەک بوو بۆ تورکیا، بە واتای ئەوەی ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ بکەن، ئێمە ئامادەی ئاشتین."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەو گەریلایانە، پێنجوێنی گوتی: "نازانم دوای سووتاندنی چەکەکانیان، چەکی نوێ بەو گروپە گەریلایە دراوە یان نا، بەڵام ئەوان هەر لەنێو پەکەکەن و لە قەندیلن و کارەکانی پێشووتریان ئەنجام دەدەن."
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی هەندێک سەرچاوەی تر کە پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، گروپە سی گەریلاییەکە هێشتا چەکیان هەڵنەگرتووەتەوە و لە شوێنی جیاوازتر لە قەندیل جێگیر کراون. ئەم سەرچاوانە پێیانوایە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی نوێنەرایەتیکردنی قۆناغی ئاشتی و کردنەوەی دەرگای دانوستانەکانە لەگەڵ تورکیا.
ڕۆژى 11ـی تەموزی ئەمساڵ، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلا چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنەی شاری سلێمانی سووتاند، وهك بهدهمهوهچوون بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لهچوارچێوهى پرۆسەی چارەسەریی و بهرقهراركردنى ئاشتى له توركیا.