هاوکێشەی نوێی سوریا؛ شەرع نه‌ شه‌ڕى ده‌وێت و نه‌ داننان به‌ هه‌سه‌ده‌

١٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠٢ پاش نیوەڕۆ

هاوکێشەی نوێی سوریا؛ شەرع نه‌ شه‌ڕى ده‌وێت و نه‌ داننان به‌ هه‌سه‌ده‌

په‌نجه‌ره‌

هەرچەندە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی نوێ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک ئەگەرێکی بەهێز سەیر دەکرێت، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع هەوڵ دەدات خۆی لەم پێکدادانە بەدوور بگرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دابڕانێکی زیاتر لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا.


دابڕانی پێکهاتەکان و کاریگەرییە دەرەکییەکان

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لەگەڵ کورد لە سوریا، دەرگای زیاتر بۆ دەستێوەوەردانی ئیسرائیل لە قووڵایی خاکی سوریا دەکاتەوە، کە ئەمەش بە دڵنیاییەوە خواستێکی حکومەتەکەی شەرع نییە.

پێشتر هێرشەکانی حکومەت بۆ سەر درووزەکان لە سوەیدا و پێکدادانەکان لەگەڵ عەلەوییەکان لە کەناراوەکان، متمانەی نێوان پێکهاتەکان و دیمەشق بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە.

د. سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "حکومەتی سوریا لەو شەڕەی لەگەڵ درووزەکان کردی، زیانی کرد؛ چونکە ئەو تێڕوانینە دروستبوو شەرع کەسێک نییە بتوانێت سەرۆکی هەموو وڵات بێت."

هەروەها وتیشی: "هێرشی سەر درووزەکان پشتیوانی بۆ فیدراڵیەت زیاتر کرد، دابڕان لەنێوان پێکهاتەکان دروستبوو و خوێن لە نێوانیان ڕژا."

لە کاتێکدا کورد لە سوریا خاوەنی هێزێکی سەربازیی تایبەت بە خۆیەتی و ڕەتیدەکاتەوە حکومەتەکەی شەرع باڵادەست بێت بەسەر ناوچەکانیدا، حکومەتی سوریاش بە هاندانی تورکیا نایەوێت باڵادەستی کورد بەردەوام بێت.

عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە لوبنان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "مەترسی کۆمەڵکوژی کوردیش هاوشێوەی درووز و عەلەوی هەیە، بەڵام بەهۆی خۆڕاگری و هێزی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، کردەوەکە بەو جۆرە ئاسان نابێت."


ئیسرائیل و چاودێری دۆخەکە

لە کاتێکدا پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی سوریا ئاڵۆزە و وڵاتانی کەنداو و تورکیا لە بەرژەوەندیی حکومەتەکەی شەرع دەستوەردان دەکەن، ئیسرائیلیش بە وریاییەوە چاودێریی دۆخی ئەو وڵاتە دەکات و کات بە کات گورزی سەربازیش دەوەشێنێت.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، سوریا لە ڕووی ئابوورییەوە هاوشێوەی عێراق دەوڵەمەند نییە تا بتوانێت سوپایەکی بەهێز دروست بکات، مەگەر وڵاتانی کەنداو لەم ڕووەوە هاوکاری بکەن.

بەڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئەم هاوکارییەش ئاسان نییە، چونکە ئیسرائیل سوریایەکی بەهێزی ناوێت کە ببێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی، وڵاتانی کەنداویش ناتوانن لە سوریا دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بجووڵێنەوە.

ئەم دۆخە ئاڵۆزە، داهاتووی سوریا و پێکهاتەکانی لەبەردەم چه‌ندین ئه‌گه‌ر و پرسیاری گەورەدا داناوه‌.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو