کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەڵبژاردن دەکاتە ئامانج

١١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢:٢٤ پاش نیوەڕۆ

کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەڵبژاردن دەکاتە ئامانج

په‌نجه‌ره‌

بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق، مەترسیی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دروستكردووه‌، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر پارتی و یەکێتى بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، کێشەی گەورە سەرهەڵدەدات و ڕەنگە بایکۆتی دیکەش بەدوای خۆیدا بهێنێت.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر پارتی و یەکێتی بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و نەهێڵن سندوقی دەنگدان لە هەرێم دابنرێت، گرفتی گەورە دروست دەبێت، چونکە سەدر گەورەترین هێزی شیعەیە بەشداری ناکات و عەبادیش بایکۆتی کردووە، ئەمە ڕووبدات بایکۆتی تریش دروست دەبێت.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، هۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکانی ئێستا، کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان و داهاتە نانەوتییەکانە. حکومەتی هەرێم داوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لە نێوان خۆی و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان دەکات، بەو مەرجەی لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکیدا، مەسەلەکە ببرێتە دادگایەکی نێودەوڵەتی.

هاوکات مەسەلەی داهاتی نانەوتیش ڕەوانەی ئەنجومەنی دەوڵەت کراوە. پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردن تاوتوێکردووە و پێیوایە ئەگەر عێراق موچەی مانگەکانی داهاتوو نەنێرێت، نابێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕای جیاوازی هەبووە لەم بارەیەوە.

شوان محەمەد ئاماژەی بەوەدا: "ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدا نییە سەقامگیری عێراق تێکبچێت، بەڵکو دەیەوێت حکومەتێکی مەدەنی دوور لە دەستی میلیشیاکان پێکبهێنرێت، بۆیە ڕەنگە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەگەری فشارەکانی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام چارەسەرنەکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، وەک گرێکوێرەیەکی بەردەم پڕۆسەی سیاسی دەمێنێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو