ترس لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ بۆ ئەوەی لێی نەدرێت حەشد نەرمیی دەنوێنێت

١١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:١٥ پاش نیوەڕۆ

ترس لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ بۆ ئەوەی لێی نەدرێت حەشد نەرمیی دەنوێنێت

پەنجەرە

لە کاتێکدا پێشبینی قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکرێت، گروپە میلیشیا شیعەکانی عێراق دەستیان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند کردووە بۆ خۆپارێزیی لە هەر هێرشێکی ئەگەری ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەت لە سایەی ئەگەری تێوەگلانیان لەو پێکدادانانەدا. 


ئامادەکارییەکان بۆ خۆپارێزیی

یەکێک لە دیارترین هەنگاوەکانی میلیشیا شیعەکانی عێراق، ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی، ئیلیزابێس تسورکۆف بوو، کە ماوەی چەند ساڵێک بوو لەلایەن ئەو گروپانەوە ڕفێندرابوو. چاودێران ئەم هەنگاوە بە هەوڵێک دەزانن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و خۆقوتارکردن لە گورزی سەربازیی ئەگەری.

ئازادکردنی تسورکۆف لەکاتێکدایە، پێشتر ئەو گروپانە ڕۆژنامەنووسەکەیان وەکوو کارتێکی دانوستان بەکارهێنابوو، بەڵام دوای وەرگرتنی چەند پەیامێک، بە نێوەندگیری حکومەتی عێراق ئازادیان کرد.

مەترسییەکان لەسەر میلیشیاکان دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی حەماسی کردە ئامانج، زیاتر بوون. بەتایبەت کە قەتەر بە دۆستێکی نزیکی ئەمریکا و وڵاتێكى عه‌ره‌بی نزیك له‌ ئیسرائیل دادەنرێت و هێرشکردنە سەری پەیامێکی ڕوونی نارد بۆ لایەنەکانی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی عێراق لە بڕیارێکی لەناکاو، وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیسی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لابرد و نەخشەی عێراقی لە جێگەکەی دانا. چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی ئیستفزازکردنی ئەمریکا بووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە کە لە سەرچاوە باڵاکانی عێراقەوە وەریگرتوون، سەرکردەی میلیشیاکان بەراورد بە جاران ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزییان گرتووەتەبەر و کەمتر مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بەکاردەهێنن.


مەترسییەکانی سەر میلیشیاکان

میلیشیا شیعەکان درکیان بەوە کردووە کە ئەگەری هێرشکردنە سەریان بەهێزە. بۆیە پێشبینی دەکەن هێرشەکان بە دوو شێواز ئەنجام بدرێن:

ئامانجکردنی سەرکردەکانیان: لە ئێستادا سەرکردەکانیان جموجۆڵ و چالاکییەکانیان کەمتر کردووەتەوە و ڕێوشوێنی خۆپارێزیی توندیان گرتووەتەبەر.

 

کشانەوەی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ مەترسی سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل

 

هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکان: بەتایبەت بنکە گەورە و فراوانەکانیان لە ناوچە سنوورییەکان و هەندێک ناوچەی دیکەی عێراق. یەکێک لەو ناوچانەی ترسی هێرشی ئاسمانییان لێ هەیە، ناوچەی جورف ئه‌لسەخری پارێزگای بابلە، کە لەلایەن هێزە شیعەکانەوە کراوەتە سەربازگەی داخراو و تەنانەت ڕێگە بە بەرپرسانی عێراقیش نادرێت بچنە ناوی.


ترسە گەورەکە: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق کێشایەوە. هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا هۆکاری کشانەوەکە بۆ ئاڵوگۆڕی سەربازی و گۆڕانکاری لە ڕۆڵی هێزەکانیان دەگەڕێننەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە ترسی لای بەرپرسانی عێراق دروستکردووە.

ئەوەی بۆ میلیشیا شیعەکان جێگەی مەترسییە، ئەوەیە کە هەرکاتێک هێزەکانی ئەمریکا لە هەر ناوچەیەک بکشێنەوە، ئاڵۆزی دروست دەبێت. ئەم کشانەوەیەش هاوکاتە لەگەڵ مەترسی سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە دەکرێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ناوچەکە و میلیشیاکان هەبێت.

مایکل ڕۆبن، توێژەری ئەمریکی، پێشتر بە پەنجەرەی ڕاگەیاندبوو: "بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا دوورەدەستن و هاوکاریی لۆجستی و سەربازییان پێنەدەگەیشت لە ئەگەری ڕوودانی ئاڵۆزیدا، هەر ئەمەش هۆکاری کشانەوەیان بوو لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە."

کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییە ناوچەییەکان و نیگەرانییەکانی میلیشیاکان لە ئەگەری هێرش، دۆخێکی نادڵنیایی لە عێراقدا دروست کردووە، کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا پەرەسەندن و گۆڕانکاریی دیکە بەخۆوە ببینێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو