پهرلهمانتارێكى عێراق: میلیشیاکان هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانى ههرێم و دهبێت بەغدا هەڵوێستی هەبێت
١١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٥:٤٨ پاش نیوەڕۆ

پهنجهره
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە بەرامبەر ئەو زنجیرە هێرشە درۆنییانەی کە کراونەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە نابێت لە ناوەڕاستدا دەستبەرداری ئەم پرسە گرنگە بێت.
یادگار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "حکومەتی عێراق خۆی دانی بەوەدا نا کە هێرشەکان لەلایەن هەندێک میلیشیاوە ئەنجامدراون، کەواتە دەبێت هەڵوێستی هەبێت و بێدەنگ نەبێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دوای کۆتایی هاتنی گەڕی یەکەمی پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، چەندین هێرشی درۆنی ئاراستەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر کران.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، سەرچاوەی هێرشە درۆنییەکان لە پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا بووە. هەرچەندە سەرەتا میلیشیاکان نکۆڵییان لە ئەنجامدانی هێرشەکان دەکرد، بەڵام ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانی بەوەدانا کە هێرشەکان لەلایەن گروپە میلیشیاکانەوە ئەنجامدراون.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، یادگار مەحمود جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: "سەروەریی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە، بۆیە دەبێت بێدەنگ نەبێت و هەڵوێستێکی جددی و یەکلاکەرەوەی هەبێت لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی سەر کێڵگە نەوتییەکان کە ژێرخانی ئابووریی وڵات دەکەنە ئامانج."