گۆڕانكاریی له‌ بۆچوونى عێراق ڕوویداوه‌؛ ڕاوێژکارێکی سوودانی ده‌ڵێت ئه‌گه‌رى ڕێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا لەئارادایە

١١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٣٠ پاش نیوەڕۆ

گۆڕانكاریی له‌ بۆچوونى عێراق ڕوویداوه‌؛ ڕاوێژکارێکی سوودانی ده‌ڵێت ئه‌گه‌رى ڕێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا لەئارادایە

په‌نجه‌ره‌

لە کاتێکدا حکومەتی عێراق پرسی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان خستووەتە بەردەم ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ یەکلاکردنەوەی، ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بە پێشهاتی ئەرێنی دەکات و ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە نزیک دەزانێت. 


داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم لە بەردەم ئەنجومەنی دەوڵەتدا

ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئەنجومەنی دەوڵەت کردووە کە پرسی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان یەکلا بکاتەوە. 

هەرێمی کوردستان داوا دەکات 50%ـی داهاتی گومرگ و باج، هەروەها 50%ـی ڕسووماتی فیدراڵی و 100%ـی ڕسووماتی ناوخۆیی بۆ هەرێم بێت.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی دەوڵەت کۆببێتەوە و ڕای خۆی لەسەر ئەم پرسە دەرببڕێت و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بکات، بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنەمای ئەو ڕایە بڕیار بدات.


هێماکانی ڕێککەوتنێکی نزیک

لە کاتێکدا پرسی داهاتە ناوخۆییەکان ڕادەستی ئەنجومەنی دەوڵەت کراوە و هێشتا ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەبارەی داهاتی نەوت و کێشەی کۆمپانیاکانەوە نەکراوە، ڕاوێژکارێکی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گەشبینە بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

ڕاوێژکارەکە كه‌ ئاماده‌نه‌بو ناوی بهێنرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "سوودانی نزیکەکانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم نزیکە."

دەشڵێت: "ڕەنگە جگە لەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ ناوخۆی هەرێم دانراوە، عێراق دەست لە بڕێکی تر نەوت بۆ هەرێم هەڵبگرێت و لەم ڕووەوە بگەنە ڕێککەوتن."

هەروەها جەختی لەوە کردەوە: "لەسەر پرسی داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیەک بۆ ڕێککەوتن دروستبووە و ئەگەر ئەمە ڕووبدات، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو هەنگاویان بۆ بنرێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو