دۆسیەیەکی كۆن کێشەی نێوان کورد و عەرەب له‌ کەرکوک دەجوڵێنێت

١٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٢:٣٠ پاش نیوەڕۆ

دۆسیەیەکی كۆن کێشەی نێوان کورد و عەرەب له‌ کەرکوک دەجوڵێنێت

په‌نجه‌ره‌

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر ڕووداوێکی کوشتن و ڕفاندن لە گوندی شەشەکانی سەر بە کەرکوک، دۆسیەکە جارێکی تر سەریهەڵدایەوە و ئەمجارە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان پێکهاتەکانی کورد و عەرەب لە شارەکەدا، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی ڕفاندنی ژنێکی کاکەیی و دوو ژنی عەرەب.


بنەمای کێشەکە و ڕووداوەکانی ساڵی 2017

لە مانگی تەمموزی ساڵی 2017، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی شەشەکانی ناوچەی کاکەیی. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، کەسایەتییەکی دیاری کاکەیی لەگەڵ هاوسەر و کچەکەی کوژران. هەر لەو ڕووداوەدا، کوڕێکی ئەو کەسایەتییە و بوکەکەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران.

دواتر، بۆ فشار خستنە سەر داعش بۆ ئازادکردنی ژنە کاکەییەکە، بەشێک لە کاکەییەکان بە پاڵپشتی هێزە کوردییەکان، هاوسەر و خوشکی ئەمیرێکی داعشیان دەستگیرکرد و لای کەسایەتییەکی کورد دەستبەسەریان کردن.

دوای گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان کاکەییەکان و چەکدارانی داعش، داعش ژنە کاکەییەکەی ئازاد کرد و لە بەرامبەردا دوو ژنە دەستبەسەرکراوەکەی سەر بە داعش گەڕێندرانەوە بۆ لای کەسوکاریان.


سەرهەڵدانەوەی دۆسیەکە و ئاڵۆزییەکان

چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئەو کەسایەتییە کوردەی دوو ژنە دەستبەسەرکراوەکەی داعشی لای بوو، لەکاتی سەردانیکردنیدا بۆ بەغدا لەلایەن هێزێکەوە دەستگیرکرا، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک ئازاد کرا. 

پاشان دۆسیەی ڕفاندنی ژنە کاکەییەکە و دوو ژنەکەی سەر بە داعش، بەبێ تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن هیچ کام لە لایەنەکانەوە، لەلایەن داواکاری گشتییەوە خرایە بەردەم دادگا و دۆسیەی یاسایی بۆ کرایەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دۆسیەی ڕفاندنی ژنە کاکەییەکە و دوو ژنە عەرەبەکە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە جارێکی تر وروژێنرایەوە و سەریکێشا بۆ کێشەیەکی تائیفی. عەرەبەکان کۆبوونەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان لە ڕێگەی یاساوە کرد.


هەڵوێستی کاکەییەکان و ترسی لە دەستی دەرەکی

دوێنێ پێنجشەممە، کەسایەتییەکانی کاکەیی لە کەرکوک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕێگەی یاساوە دەربڕی.

لەمبارەیەوە، ڕەجەب کاکەیی، چالاکوانی دیاری کاکەیی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "سەرهەڵدانەوەی ئەم دۆسیە کۆنە دەستی هەرێمایەتی و حزبی تێدایە بۆ ئەوەی کێشە لەنێوان کورد و عەرەب دروست بکرێت."

له‌ئێستادا كه‌یسه‌كه‌ به‌ مۆله‌قی ماوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا ترس هه‌یه‌ هه‌ڵدانه‌وه‌كه‌ ئاڵۆزیی زیاتری لێبكه‌وێته‌وه‌، هاوكات هه‌وڵیش بۆ هێوركردنه‌وه‌ى بارگرژییه‌كان و سنووربۆدانانی، له‌ ئارادایه‌.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو