مالکی لە ململانێی نەیارەکانیدا؛ هەمووان چاویان لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقە
١٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:١١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نوری مالکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، جیاواز لەوەی هەوڵەکانی بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خستووەتەگەڕ، ناوبەناو هۆشداریش دەدات لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا.
ترسی مالکی
نوری مالکی سەرۆکوەزیرانی عێراق هێشتا ترسی لە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، کە بڕیارە لە ڕۆژی 11ـی 11ـی 2025، ئەنجام بدرێت.
مالکی ناوبەناو هۆشداری لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن و کاریگەرییەکانی دواخستنی پرۆسەکە لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق دەدات، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە.
لە ڕۆژی 8ـی ئەم مانگە، نوری مالکی ڕایگەیاند: ڕێگە بە دواخستنی هەڵبژاردن نادەن، دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیش تەنها لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە ئەنجام دەدرێت.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، هۆشدارییەکانی مالکی ئاماژەن بۆ هەبوونی هەوڵێکی پشت پەردە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا ڕوون نییە چی لایەنێک لە پشت ئەو هەوڵانەوەیە.
شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مالکی ترسی لە دواخستنی هەڵبژاردن هەیە، ئەو ئاگاداری هەوڵەکانەو پێدەچێت شتێک لە ئارادا هەبێت، بۆیە هۆشداری دەدات.
مالکی و ئامادەکاریی
نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، هاوپەیمانێتییەکەی مالکی ژمارەیەکی زۆر کارتی دەنگدانی کڕیووە، تەنانەت کارت کڕین هەندێک لە ناوچە جێناکۆکەکانیشی گرتووەتەوە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، هەوڵە چڕوپڕەکانی مالکی ئاماژەن بۆ ئەوەی خواستی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی هەیە، هەرچەندە ئەمە بە قورس دەزانرێت بەو پێیەی ناوبراو نەیاری زۆرە.
شوان داودی دەڵێت: مالکی پلانی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی هەیە، دوای هەڵبژاردن پلانەکانی تری ڕووندەبێتەوە.
وتیشی: هەموو لایەنەکان ڕێگەی جۆراوجۆر دەگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و کورسی.
مالکی لەگەڵ جۆشۆ هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەتەوەو بەڵێنی باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە پێداوە، ئەمەش بە هەوڵێکی مالکی دەبینرێت بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران.
حسێن مەردان، کەسایەتی نزیک لە مالکی، ڕایگەیاند:کاندیدی دەوڵەتی یاسا بۆ سەرۆکوەزیران نوری مالکییەو دۆخی تەندروستیشی زۆر باشە.
ئامانجە قورسەکە
لەکاتێکدا ئاماژە بە هەوڵەکانی مالکی بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران دەدرێت، بەڵام بەڕای چاودێران دەست گەیشتنەوە بەو پۆستە بۆ مالکی ئاسان نییە، بەو پێیەی نەیاری بەهێزی هەیە.
جگە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەنێو لایەنە شیعەکاندا ڕکابەری بەهێزو نەیاری تری مالکی هەن، ئەمەش وادەکات مالکی نەتوانێت هێندە کورسی بهێنێت وەرگرتنەوەی پۆستەکەی بۆ ئاسان بێت.
ناکۆکی نێو لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران وایکردووە، بەم دواییانە پۆستەکە بدرێت بەو کەسایەتییانەی کە پێگەیان لاوازەو هاوپەیمانێتی بەهێزیان لە پشت نییە.