چارەنوسی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بە هەڵواسراوی ماوەتەوە
١٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٢٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەکاتێکدا دوو ساڵ بەسەر سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمدا تێپەڕ دەبێت لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە، بەڵام هێشتا وادەی هەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەنانە دیارینەکراوەو ئەندامانی ئەنجومەنیش ئیشوکارەکانیان هەڵپەسێردراوە.
لە مانگی 9 ی ساڵی 2023، دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی سڕکرد، کە بریتین لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەندامانی ئەنجومەن تەنها سەردانی بینای ئەنجومەن دەکەن و دەگەڕێنەوە، ئەگینا لیژنەکان هیچ ئیش و کارێک ناکەن.
دەشڵێت: ئەنجومەنی پارێزگاکان مەهامیان لەدەستداوەو هیچ بەدواداچوونێک بۆ ئیشوکاری حکومەتە خۆجێییەکان نەماوە.
ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لە ساڵی 2014 هەڵبژێردران و بە پێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام ماوەی 11 ساڵە هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوەو هیچ وادەیەکیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دانەنراوە.
دوای سڕکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئیش و کاری ئەنجومەنەکانی ڕاگرت، بەڵام بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی ئەندامانی ئەنجومەن لە ئەرکەکانیان تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنەکان.
کەریم عەلی وتی: دیار نییە کەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم ئەنجام دەدرێت.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی 32 ئەندام، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر 30 ئەندام، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆکیش 28 ئەندامی هەیە، لە ئێستادا سەرجەم ئەو ئەندامانە ئیش و کارەکانیان ڕاگیراوە.