ڕێگەی هاتووچۆی چەکدارانی د1عـ،.ـش دەبڕدرێت

١٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٥٩ پاش نیوەڕۆ

ڕێگەی هاتووچۆی چەکدارانی د1عـ،.ـش دەبڕدرێت

پەنجەرە

رێگەی هاتووچۆی هێزەکانی داعش لە نێوان پارێزگاکانی کەرکوک، دیالەو سەڵاحەدین دەبڕدرێت، ئەمەش وایکردووە جم و جۆڵیان لە ناوچەی غەڕەو پەڵکای نزیک قەزای خورماتوو بە تەواوەتی کەم ببێتەوە.

ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی نزیک قەزای خورماتوو، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە، بەیەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی داعش لە عێراق دادەنرێت، هەر لەو ناوچەیەوە چەکدار بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرا.

وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دووربینی حەراری و هێزە هاوبەشەکان، لە گەڵ گۆڕینەوەی زانیاری و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزە ئەمنییە عێراقی و کوردییەکان جموجۆڵی داعشی لاواز کردووە.

زۆربەی ئەو چەکدارانەی پێشتر لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە بوون، چەکداری خەڵکی ناوچەی سلێمان بەگی پارێزگای سەڵاحەدین و گوندەکانی دەوروبەری بوون، بەو پێیەی لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی تایەفی لە دەسەڵاتی عێراقی قاچاخ بوون.

چەکدارەکانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە، تۆمەتبارن بە کوشتن و ڕفاندنی چەندین شوانکارەو هاوڵاتی کوردی سنوری خورماتوو، کەداعش لەو ناوچەیەوەو لە ڕێگەی دادوەری شەرعییەوە بڕیاری کوشتنی بۆ دەردەکردن.

وەهاب ئەحمەد وتی: ئێستا چەکدارانی داعش ناتوانن هاتوچۆ بکەن، هەم ڕێگەی هاتووچۆیان لێبڕاوە، هەم لە فڕۆکەش دەترسن.

چەکدارانی داعش لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە جگە لەوەی لەلایەن فڕۆکە عێراقییەکانەوە بەردەوام چاودێری دەکرێن، ناو بە ناو هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمیش ئۆپەراسیۆن لە دژیان ئەنجام دەدەن، پێشتریش لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە بەردەوام دەکرانە ئامانج.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو