کەسایەتییەکی ئیسلامی: حیزبە ئیسلامییەکان خەڵکیان نائومێد کردووە
١٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
کەسایەتییەکی دیاری ئیسلامی هەرێمی کوردستان پێیوایە چەندین هۆکار هەن بۆ زیادنەکردنی دەنگی حزبە ئیسلامییەکان لەهەڵبژاردنەکاندا، ئاماژە بەوەدەکات لێکدابڕانی حزبە ئیسلامییەکان زیانی گەورەی جەماوەریی پێگەیاندوون.
سەلیم کۆیی، کەسایەتی دیاری ئیسلامی و سەرکردەی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "خەڵک چاوەڕێی شتی گەورە لە حزبە ئیسلامییەکان دەکات، بەڵام ئەو لێکدابڕانەی لە نێوانیان هەیە خەڵکی نائومێد کردووە، چونکە ئیسلام پشتگیری برایەتی و یەکڕیزی و تەبایی دەکات."
یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەریی و بزووتنەوەی ئیسلامی، دیارترین لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستانن، بەدەر لەوەی بە جیا بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن، ناو بەناو لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنیش کێشمەکێش لە نێواندا درووستدەبێت.
سەلیم کۆیی، دەڵێت: نەبوونی دۆسییە "قەزیە" گرفتێکی تری حزبە ئیسلامییەکانە، راستە خەڵک دەعوە و بانگەوازی پێخۆشە، بەڵام ئەمە جیاوازە لە دەنگدان و سیاسەت و بەڕێوەبردن.
وتیشی: خەڵک چاوەڕێی ئەوە لە ئیسلامییەکان دەکات، ئەگەر دەنگیان هێنا چی بۆ خەڵک دەکەن؟ دەبێت ئیسلامییەکان واز لە بانگەشەی عەدالەت بهێنن، پرۆژەی جددی بۆ چاککردنی دۆخی کوردستان و چاکسازی بخەنەڕوو.
لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی لەکۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا کۆمەڵی دادگەری سێ کورسی هێنا و بەشداری پەرلەمانی ڕەتکردەوە و هەڵبژاردنەکەی بە "دیزاینکراو" وەسفکرد.
سەلیم کۆیی ڕوونیکردەوە، هەرێم بۆ سەر دوو زۆن دابەشبووە، بەشێکی زۆری زۆنی زەرد بۆ پاراستنی زۆنەکەی و لە دژی یەکێتی دەنگ بە پارتی دەدات، لە زۆنی سەوزیش دەنگ بە یەکێتی دەدرێت، بۆیە دەبێت ئیسلامییەکان بۆ پرۆژەیان بۆ یەکخستنی زۆنەکان هەبێت، چونکە ئەم دوو زۆنییە زیانی پێگەیاندوون.
جەختیشیکردەوە: عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئیسلامییەکان هەبووە.