جەنگی کۆن، قوربانی نوێ؛ گوندێکی گەرمیان هێشتا خوێنی مینە چێنراوەکانی لێدەچۆڕێت

١٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٠١ پاش نیوەڕۆ

جەنگی کۆن، قوربانی نوێ؛ گوندێکی گەرمیان هێشتا خوێنی مینە چێنراوەکانی لێدەچۆڕێت

پەنجەرە

گوندێکی سەر سنوری ئێران هێشتا گیرۆدەی دەست مینە چێنراوەکانی سەردەمی رژێمی بەعسەو خوێنی لێدەچۆڕێ، ناوبەناو مینە تۆز لەسەر نیشتووەکان دەتەقنەوە و ژمارەی قوربانییەکانی زیاتر دەکەن.

کاتێک شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بەرگوێی خەڵک دەکەوێت، خێرا بیریان بۆ لای گوندی مەحمود قەجەر لە گەرمیان دەچێت، ئەو گوندەی بەهۆی مینە چێنراوەکانی ئەو سەردەمە هێشتا قوربانی دەدەن.

جەلال جەعفەر، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە گەرمیان، بەپەنجەرەی ڕاگەیاند: گوندی مەحمود قەجەر لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان زۆرترین ڕووبەری پیسبووی بە مین و تەقەمەنی هەیە، تائێستا سەرووی 100 کەس لەو ناوچەیە بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و کەمئەندامبوون.

دەشڵێت: هێشتا چوار ملیۆن پێ سێجا زەوی سنوری گوندی مەحمود قەجەر ماوە لە مین پاکبکرێتەوە.

گوندی مەحمود قەجەر، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی گەرمیان لە سەر سنوری ئێران، لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق- ئێران دا، رژێمی بەعس  بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی ئێران، ناوچەکەی مینڕێژ کرد.

بەشێک لە قوربانییەکانی مین خەڵکی گوندی مەحمود قەجەرن، بەڵام بەشێکی تریان ئەوانەن کە لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، لە نێوان هەردوو وڵاتدا کاری قاچاخییان دەکرد.

حەمید مەحمود، خەڵکی گوندی مەحمود قەجەر، دەڵێت: گوندی مەحمود قەجەر 18 کەسی بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و کۆی بریندار و گیان لەدەستدان لە گوندەکە 56 کەسە.

هەروەها وتیشی: هەموو ئەو کەسانەی لە سنوری مەحمود قەجەر بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و کەمئەندام بوون ژمارەیان 106 کەسە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو