سەرکردەیەکی عەرەب: ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی عەرەبی سونە حزبیی و بەرژەوەندیی کەسیین
١٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٣٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرکردەیەکی دیاری عەرەبی سونە ڕایدەگەیەنێت، ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی عەرەبی سونە ناکۆکی حزبی و بەرژەوەندی کەسین، زۆرێکیان هەوڵی بەدەستهێنانی پۆست بۆ حزب و کەسە نزیکەکانیان دەدەن.
مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سونە و راوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی عەرەبی سونە بە خراپ بۆ سەر شەقامی عەرەبی شکاوەتەوە، بۆیە دەبێت ئەم ناکۆکییانە وەلانێن.
عەرەبی سونە بە سێ لیستی سەرەکی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، لیستی سیادە بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و لیستی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەنا سامەرائی.
ناکۆکی نێوان هاوپەیمانێتی تەقەدوم و سیادە، بە تەواوەتی شەقامی عەرەبی دابەشکردووە، ئەمە جگە لەوەی سیادە لە ئێستادا بە نزیکایەتی تورکیا و کوتلەی تەقەدومیش بە نزیک لە هێزە شیعەکان دادەنرێت.
زەیدان وتی: کێبڕکێکان ناتەندروستن و سونە ناکۆکی حزبی و بەرژەوەندی کەسین.
جەختیشیکردەوە: "پێوەرەکانی دیاریکردنی کاندیدیش پێوەری خێڵەکی و خێزانین، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبووە."