"ئەو بەرپرسانەی بەبێ فلتەری ئەنجومەنی پارێزگا دانراون شەرعییەتیان نییە"
١٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:٣٠ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم سڕکراون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بەڕێوەبەری گشتی و قایمقام دانراون بە بێ ئەوەی بە فلتەری ئەو ئەنجومەنانەدا تێپەڕن، پسپۆڕێکی یاسایی و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێن: ئەوانەی دانراون شەرعیەتی یاساییان نییە.
بەپێی یاسای ژمارە (3)ـی ساڵی (2009)ـی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەبێت پارێزگار و جێگرەکانی، بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناحییەکان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە متمانەیان پێبدرێت و دواتر ناوەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت.
چۆمان محەمەد، پسپۆڕی بواری یاسایی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دامەزراندنی پلە تایبەتەکان ڕاگیراوە و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمیش سڕکراون، بۆیە دەبێت پلە تایبەتەکان بە وەکالەت دابنرێن یاخود وەک دەبینین بەڕێوەبەرێک دوو پۆست بەڕێوە دەبات.
وتیشی: دەبێت ئەو کەسانەی پۆستیان پێدەدرێت و لەچوارچێوەی یاسای ژمارە 3ـدا ئاماژەیان بۆ کراوە، بە فلتەری ئەنجومەنی پارێزگاکاندا تێپەڕن.
لایخۆیەوە، کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای سلێمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەموو ئەو پلەدارانەی بە بێ ئەنجومەنی پارێزگاکان پۆستیان پێدراوە، شەرعیەتی یاساییان نییە.
دەشڵێت: کاتێک ئەنجومەنی پارێزگاکانیش کارابوو، ناو هەبوو ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرا و مەرسومی بۆ دەردەکرا بە بێ ئەنجومەن، بۆیە بەشی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمم لە نایاسایی بوونی ئەم کارە ئاگادار کردەوە، بەڵام چاویان لە مەسەلەکە نوقاند.