ململانێی ئاراستەکانی گۆڕان؛ لە کۆنفرانسەوە بۆ زنجیرەیەک سکاڵا تۆمارکردن 

١٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:١٠ پاش نیوەڕۆ

ململانێی ئاراستەکانی گۆڕان؛ لە کۆنفرانسەوە بۆ زنجیرەیەک سکاڵا تۆمارکردن 

پەنجەرە

ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان زنجیرەیەک سکاڵا لەسەر ڕێکخەری ئاراستەی کوردساتی گۆڕان تۆمار دەکات، سکاڵاکان لە دادگای سلێمانییەوە دەستیانپێکردو بڕیارە دادگای ناوچە جیاوازەکانی هەرێم ببنە وێستگەیەکی تری ململانێی نێوان ئەم دوو ئاراستە ناکۆکە.

گۆڕان ـی زەرگەتەو سکاڵا 

بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) زنجیرەیەک  سکاڵا لەسەر دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری گشتی ئاراستەی (کوردسات) تۆماردەکات، سکاڵاکان لە دادگای سلێمانییەوە دەستیپێکرد و ڕۆژانی داهاتوو دەگاتە دادگاکانی پشدەر.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵای لەسەر دانا ئەحمەد مەجید لە دادگای سلێمانی تۆمارکرد، بە تۆمەتی ئەوەی بەناوی ڕێکخەری گشتییەوە چالاکی دەکات، لەکاتێکدا بەپێی یاسا ناوی گۆڕان بۆ هیچ ئاراستەیەکیان یەکلایی نەکراوەتەوە.

لیوا جەلال، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان- ئاراستەی گردی زەرگەتە، ڕایگەیاند: سکاڵامان لەسەر دانا ئەحمەد مەجید تۆمار کردووە لەبەر ئەوەی بە ناوی ڕێکخەری گۆڕانەوە چالاکی دەکات.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان زنجیرەیەک سکاڵای تر لەسەر دانا ئەحمەد مەجید تۆمار دەکات، سکاڵاکان لە دادگای شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێم تۆمار دەکرێن.

سەرچاوەیەک لە ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دانا ئەحمەد مەجید لەهەر شار و شارۆچکەیەک کۆبوونەوەی ئەنجامدابێت، لەو شار و شارۆچکانە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین.

وتیشی: لە ناوچەی پشدەر بە ناوی ڕێکخەری گۆڕانەوە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، لە ڕۆژانی داهاتوودا لە دادگاکانی ئیدارەی ڕاپەڕینیش سکاڵا تۆمار دەکەین.


گۆڕانی کوردسات بەردەوام دەبێت

لەکاتێکدا ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی سکاڵا تۆمار کردنە لەسەر دانا ئەحمەد مەجید، بەڵام ئاراستەی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت گوێ بە سکاڵاکان نادەین.

رۆڤان سەروەت، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان-ئاراستەی کوردسات، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە ڕۆژی 25 ی مانگی 5 ی 2025ەوە، ئەو بابەتە لای ئێمە کۆتایی هاتووە، ئێمە زۆرینەی ئەو کۆنفرانسە بووین کە بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆن بەسترا.

دەشڵێت: ئێمە هەر جوڵەیەک بکەین و ئەوان سکاڵا تۆمار بکەن، ئەمە زۆر دەکات، بۆیە جوڵەکانیان بایەخی لای ئێمە نییە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو