شەڕ لەسەر نوێنەرایەتی؛ بەرەی تورکمانی و پەرلەمانتارە تورکمانەکان یەکتر تۆمەتبار دەکەن 

١٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:١٤ پاش نیوەڕۆ

شەڕ لەسەر نوێنەرایەتی؛ بەرەی تورکمانی و پەرلەمانتارە تورکمانەکان یەکتر تۆمەتبار دەکەن 

پەنجەرە

بەرپرسی لقی کفری بەرەی تورکمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی کوردستان کە وەکو نوێنەری نەتەوەی تورکمان هەڵبژێدراون، بەدواداچوون بۆ کێشەی تورکمان ناکەن، پەرلەمانتارێکی تورکمانیش دەڵێت هەرکەس بە نوێنەری خۆیم نەزانێت حسابی بۆ ناکەم.

سەزگین موسڵح، بەرپرسی لقی کفری بەرەی تورکمانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: نەتەوەی تورکمان لە کفری گرفتی زۆر زۆرە، ئێمە لەناو خەڵکداین و پەرلەمانتارە تورکمانەکان دیارییان نییە، بەدواداچوون بۆ گرفتی تورکمان ناکەن.

لەکۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان، دوو کورسی کۆتا بۆ نەتەوەی تورکمان دانراوە، کورسییەکیان بۆ هەولێر و لەلایەن مونا قاوەچییەوە بەدەستهێنرا، براوەی کورسییەکەی سلێمانیش نەجدەت نوری بوو.

نەجدەت نوری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە بەرکەوتەی کۆتای تورکمان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەرکەس ڕوو لە من بکات، بە مەمنونییەوە ئیشی بۆ دەکەم، بەڵام کەسێک حسابم بۆ نەکات، دە جار حسابی بۆ ناکەم.

نەجدەت نوری، ئەو کورسییەی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێنا کە بۆ پێکهاتەی تورکمان لە پارێزگای سلێمانی دانرابوو.

سەزگین موسڵح، دەڵێت: دوو کورسییەکەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی تایبەتی حزبە کوردییەکان هەڵبژێردران.

لە وەڵامدا، نەجدەت نوری وتی: من سەربەخۆم نەک حزبی، بۆیە مەسەلەکە لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە براوەتە قاڵبی سیاسییەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو