وتەبێژی هاوپەیمانی: ڕەنگە کەسێک بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان بکرێت موفاجەئە بێت
١٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٣٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر ڕایدەگەیەنێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوداو هیچ ئاماژەیەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە گۆڕێ نییە، جەختیش دەکاتەوە ڕەنگە کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان بکرێت موفاجەئە بێت.
ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن
وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر ئاماژەبەوەدەکات، بەشێک لە سەرکردەی لایەنە عێراقییەکان لە نێویاندا نوری مالکی کاتێک باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن، مەسەلەکە تەنها پێشبینییە و پەیوەندی بە ئەگەری ڕوودانی ئاڵۆزی و هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران هەیە.
سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پێشبینییەکانی دواخستنی هەڵبژاردن گرێدراون بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و تەنانەت هەندێک گروپی موقاوەمە لەناو عێراق، بەڵام هیچ شتێکی فەرمی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە ئارادا نییە.
دەشڵێت: هەموو لایەنەکان هاوڕان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دەستوری خۆیدا، حکومەت و کۆمیسیۆنیش ئامادەکارییان بۆ هەڵبژاردن کردووە، دواخستنی هەڵبژاردن تەنها قسەی ڕاگەیاندنەکانەو شتی فەرمی نییە.
گرێی سەرۆک وەزیران
بەپێی قسەی وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق گرێدراوە بە ئەنجامی هەڵبژاردن و جۆری هاوپەیمانێتییەکان کە لە دوای هەڵبژاردن پێکدەهێنرێن، بەو پێیەی لە عێراق پێوەری جێگیربوونی نییە س سەرۆک وەزیران بە ڕێککەوتن دادەنرێت.
سەلام زوبەیدی وتی: ڕەنگە کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران دەستنیشان بکرێت "موفاجەئە" چاوەڕوان نەکراو بێت، چونکە پرۆسەی سیاسی پڕیەتی لە موفاجەئە، وەکچۆن عادل عەبدولمەهدی و کازمی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانکران و تەنانەت بەشداری هەڵبژاردنیشیان نەکردبوو.
محەمەد شیاع سودانی، نوری مالکی، عەدنان زورفی و قاسم ئەعرەجی ئەو ناوانەن کە لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا ناویان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەهێنرێت، بەڵام وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر ئەمە ڕەتدەکاتەوە.
زوبەیدی دەڵێت: هێنانی ناو کەرەستەی ڕاگەیاندنە و دەستی دەستی پێدەکرێت، ئەگینا تائێستا لایەنەکان گفتووگۆیان لەسەر هیچ ناوێک نەکردووە.