بەکارهێنانی دراوی ساختە لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێم پەرەدەسێنێت
١٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١:١١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
دراوی ساختەی عێراقی لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە زۆریی بڵاوبووەتەوە و بەشێکی زۆر لە دراوەکان 50 هەزار دیناریی و 25 هەزار دیناریین، بەرپرسانی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێن بە وردیی چاودێریی بازاڕ دەکەین و لێپێچینەوە دەکەین.
شێروان ئەحمەد، یەکێکە لەو خاوەنکارانەی چەند جارێک دراوی ساختەی پێدراوە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەوانەی پارەی ساختە دەهێنن زۆرجار لەکاتی قەرەباڵەغییدا دەچنە هەرزان بازاڕەکانەوە و سوود لە قەرەباڵەغی وەردەگرن، زیاتر ڕوو لەو کارمەندانەش دەکەن کە هەرزەکار و کەم ئەزموونن.
دەشڵێت: کاتێک پارە ساختەکەیان پێوەدەگیرێت، خۆیان وا پیشان دەدەن گوایە بێ ئاگان و ئەوانیش وەریانگرتووە، لەوکاتەدا بە جۆرەها فرتوفێڵ هەوڵدەدەن خۆیان دەرباز بکەن.
دراوی عێراقی لە ڕێگەی 12 کۆدەوە لە دراوی ساختە جیادەکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، ئەو کەسانەی دراوی ساختە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکەنەوە، زۆربەیان لەناوچەی دیکەوە دێن لە دەرەوەی ئەو ناوچەیەی پارەکەی تێدا ساغ دەکەنەوە و سود لە ناشارەزایی فرۆشیارەکان وەردەگرن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسانەی پارەی ساختە هاوردەی بازاڕەکان دەکەن، چەند جۆرێک ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە بەکاردەهێنن.
لەبەرامبەردا، بەرپرسێکی ئاسایش باس لەوە دەکات دوو جۆر مامەڵە دەکرێت لەگەڵ ئەوانەی دراوەکەیان پێوە دەگیرێت.
موقەدەم ئەردەڵان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دراوی ساختە بەهەر کەسێکەوە بگرین لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکەین، بەوردییش چاودێری بازاڕەکان دەکەین.
دەشڵێت: ئەو کەسانەی دراوی ساختە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکەنەوە، دەدرێنە دادگا و لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەوانەی دراوی ساختەیان پێدراوە و پێیان نەزانیووە، ئەوا بابەتێکی ترە.
بەوتەی ئەوانەی دراوەکەیان پێدراوە، چەند جیاوازییەکی هەیە لە ئەسڵییەکە.
شێروان ئەحمەد، لەوبارەوە ڕوونیکردەوە: دراوی ئەسڵی کاتێک جوڵەی پێدەکەیت دوو ڕەنگ دەنوێنێت (ڕەنگی ڕەش و فسفۆریی)، بەڵام دراوە ساختەکە تەنها یەک ڕەنگ دەنوێنێت، ئەویش ڕەنگی ڕەش یاخود فسفۆرییە.
دەشڵێت: دراوە ساختەکە لە نێو دەستدا لوسە و دراوە ئەسڵییەکە زبرە، هەروەها ڕەنگی دراوە ساختەکە زۆر تۆخە یان کاڵترە.