بەرەی گەل: بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین
١٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٥:١٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی بەرەی گەل ڕایدەگەیەنێت، بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن و کاندیدەکانیشیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە یەکلایی کردووەتەوە.
سەرچاوەکەی بەرەی گەل کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: مەتبەخێکی سیاسیمان بۆ سەرپەرشتیکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دامەزراندووەو ئیش و کارەکان بە دەستەجەمعی دەکەین.
دەشڵێت: ناوی سەرپەرشتیارانی بانگەشەی هەڵبژاردن ئاشکرا ناکەین، چونکە نامانەوێت فشاریان لەسەر دروست ببێت.
لایخۆیەوە، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردەی بەرەی گەل، زانیارییەکانی پەنجەرەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
ئامادەکاریی بەرەی گەل بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدایە، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی پارتەکە لە زینداندایەو هیچ بارەگایەکی فەرمییان لە سنوری سلێمانی نەماوە، بەڵام کۆڕو کۆبوونەوە لە هەولێر ئەنجام دەدەن.