پارێزگاری پێشووتری کەرکوک بۆ پەنجەرە: ناکۆکی ناوخۆیی هەموو نەتەوەکانی کەرکوکی دابەشکردووە
١٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٢٠ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پارێزگاری پێشووتری کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک دابەشبوون، هۆکاری دابەشبوونی نەتەوەکان بۆ ناکۆکی نێوخۆیی دەگەڕێتەوە.
لەبارەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرکوک، عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "هەموو سەرکەوتنێک لە یەکڕیزی و یەکگرتندایە، هەمیشە ناکۆکی و ململانێ زیانی بە کورد گەیاندووە."
لەگەڵئەوەشدا پێیوابوو کە ناکۆکیی ناوخۆیی هەموو پێکهاتەکانی دابەش کردووە.
سەرباری ئەم دابەشبوونە، پارێزگاری پێشووی کەرکوک دەشڵێت: سەرباری دابەشبوونی هەموو نەتەوەو پێکهاتەکان و بوونی ناکۆکی ناوخۆیی، بەڵام بارودۆخی کەرکوک باشە و کێشەی گەورە ڕووینەداوە.
قسەکانی عەبدولڕەحمان مستەفا، لەکاتێکدایە کە لایەنە کوردییەکانی کەرکوک بە 3 لیستی سەرەکی و عەرەب و تورکمانیش یەکی بە دوو لیستی سەرەکی و چەندین لیستی لاوەکی و کەسیی، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە کە بڕیارە مانگی 11ـی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.