ئاسایش دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی ساختەدا دەگرێت

١٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٢١ پاش نیوەڕۆ

ئاسایش دەست بەسەر بڕێکی زۆر دراوی ساختەدا دەگرێت

پەنجەرە

هێزێکی ئاسایشی ناحیەی مەیدانی سەر بە ئاسایشی گەرمیان، تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە بڕێکی زۆر دراوی عێراقی ساختەی پێبووە، شاڕەزایەکی بواری ئەمنیش دەڵێت دراوی ساختە لە دەرەوەی عێراقەوە دەهێنرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هێزێکی ئاسایشی مەیدان تۆمەتبارێکیان لە سنووری شارەزوور دەستگیرکردووە کە نزیکەی 140 ملیۆن دیناری ساختەی پێبووە و دراوەکان هەمووی 50 هەزار دیناری بوون.

سەرچاوەکە دەڵێت: تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە دراوە ساختەکانی لە دەرەوەی هەرێمەوە هێناوە بۆ ئەوەی لە بازاڕەکاندا بە نرخێکی هەرزانتر ساغیان بکاتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، ئەو دراوانەی کە ساختەکان و لە بازاڕەکانی هەرێم دا بڵاو بوونەتەوە، بە زۆریی لە ئێرانەوە دەهێنرێن.

عەقید عەلی جەمال، شارەزای بواری ئەمنی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دراوی ساختە لە بازاڕەدا بڵاوبووەتەوە و لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێت، بۆیە پێویستە خاوەنکارەکان ئامێری ئاشکراکردنی پارەی ساختە بەکاربهێنن.

وتیشی: بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە زیان بە ئاسایشی ئابووریی وڵات دەگەیەنێت، بۆیە بەپێی یاسا سزای توند بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە کاری ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەکەن.

پێشتریش وتەبێژی ئاسایشی هەولێر، بە پەنجەرەی وت: ئەو کەسانەی دراوی ساختە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکەنەوە، دەدرێنە دادگا و لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەوانەی دراوی ساختەیان پێدراوە و پێیان نەزانیووە، ئەوا بابەتێکی ترە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو