فشارەکانیان چڕتر دەکەنەوە؛ هاوپەیمانان دەیانەوێت پێش كشانەوە پێشمەرگە یەکبخرێتەوە

١٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٨:٣٦ پاش نیوەڕۆ

فشارەکانیان چڕتر دەکەنەوە؛ هاوپەیمانان دەیانەوێت پێش كشانەوە پێشمەرگە یەکبخرێتەوە

پەنجەرە

دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر هەوڵەکاندا بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، تائێستا هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەخراونەتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانانیش فشارەکانیش چڕترکردووەتەوە بۆ یەکخستنی پێشمەرگە تا کۆتایی ساڵی 2026.


سەرەتای هەوڵەکان

تاپێش ساڵی 2010، هەرێمی کوردستان دوو وەزارەتی پێشمەرگەی تێدابوو، وەزارەتی پێشمەرگەی ئیدارەی هەولێر و وەزارەتی پێشمەرگەی ئیدارەی سلێمانی، بەڵام دوای ڕێککەوتنی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، هەردوو وەزارەتەکە یەکخران.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دوای ڕێککەوتنی نێوان مام جەلال و کاک مەسعود، پرۆسەی یەکخستنی پێشمەرگە بە پراکتیکی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.


پێشمەرگە و پرۆژەیەکی گشتگیر

لەساڵی 2017، لەلایەن ئەمیندارێتی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانانەوە، پرۆژەیەکی 36 خاڵی بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەکرا، هەرچەندە لە ساڵی 2018ـەوە کار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکرێت، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە.

ئەمێندارێتی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2017، پرۆژەیەکی 16 خاڵی بۆ یەکخستنی پێشمەرگە ئامادەکرد، دواتر پرۆژەکە لەگەڵ سێ پرۆژەی تری هێزەکانی ئەمەریکا، بەریتانیاو ئەڵمانیا تێکهەڵکێشکران و پرۆژەیەکی 36 خاڵی لێ ئامادەکرا.

جەبار یاوەر، لەوبارەوە دەڵێت: پرۆژە 36 خاڵییەکە تەنها پرۆژەی یەکخستن نەبوو، بەڵکو پرۆژەیەکی چاکسازی بوو لە نێو هێزی پێشمەرگەدا.

دەشڵێت: بابەتی دارایی، مەشق و ڕاهێنان، خانەنیشینی، پلەبەرزکردنەوە و تەنانەت پرۆژەکە جلوبەرگیشی تێدابوو.


یەکەکانی ژمێریاری

دوای تێپەڕبوونی 7 ساڵی بەسەر پرۆژەکەی هاوپەیماناندا بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام تائێستا هێزەکانی پێشمەرگە یەکنەخراونەتەوە، سەرباری فشار و هۆشدارییە یەک لە دوای یەکەکانی هاوپەیمانان بە بەرپرسانی هەرێم.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسانی وەزارەتەکەیدا کۆبوویەوە، گفتووگۆیان لەسەر یەکخستنی یەکەکانی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

هەریەک لە هێزەکانی 70، هێزەکانی 80 و وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەی ژمێریاری تایبەت بە خۆیان هەیە، لەکاتێکدا بەپێی یاسا دەبێت ئەو یەکە ژمێریاریانە یەکبخرێنەوە.

جەبار یاوەر، وتی: سەرۆکوەزیران ئەمجارە خۆی گفتووگۆی لەگەڵ بەرپرسانی پێشمەرگەدا کرد، بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و یەکەکانی ژمێریاریی.

دەشڵێت: لەساڵی 2020 یاسای ژمارە (1) دەرکرا، پێنج خاڵی یاساکە تایبەت بوو بە پێشمەرگە و یەکێکیان یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان بوو، بەڵام ئێستا ساڵی 2025ەوەو یاساکە جێبەجێ نەکراوە.

وتیشی: هاتنە سەر هێڵی سەرۆکوەزیران واتای ئەوەیە پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە کۆتایی نەهاتووە و ماویەتی.


پێشمەرگە و هاوپەیمانان

هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و داوای یەکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەیان لێدەکەن، بەڵام لە ئێستادا فشارەکانیان بۆ ئەو مەبەستە چڕتر کردووەتەوە.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتی: بەپێی ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق، هاوپەیمانان تا کۆتایی ساڵی 2026 لە عێراق دەکشێنەوە، بۆیە دەیانەوێت تا ئەوکاتەی دەکشێنەوە پێشمەرگە یەکبخرێتەوە.

دوێنێ سێشەممە، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم و شاندێکی باڵای هەرێم، لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازیی و دیپلۆماسی ئەمەریکا، گفتووگۆیان لەسەر پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئەنجامدا.

وەفدی هەردوولا، جەختیانکردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەکخستنەوەیان، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە و ئەو قۆناغانەی کە ماون، خرانەڕوو.

جەبار یاوەر، وتی: هاوپەیمانان وردە وردە لە عێراق دەکشێنەوە، بەشێک لە هێزەکانیان بۆ کەنداو و بەشێکی بۆ سوریا گواستووەتەوە، هەروەها هەندێک لە ڕاهێنەرەکانیان و هێزێکی کەمیشیان هێناوەتە بنکەی هەریر لە هەولێر.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو