کورد و درووز لە بەرانبەر حکومەتی سووریادا؛ ره‌تكردنه‌وه‌ى مه‌ركه‌زیه‌ت و داواى خۆسه‌ریی

١٨ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٢٠ پاش نیوەڕۆ

کورد و درووز لە بەرانبەر حکومەتی سووریادا؛ ره‌تكردنه‌وه‌ى مه‌ركه‌زیه‌ت و داواى خۆسه‌ریی

په‌نجه‌ره‌

تادێت درزی نێوان حکومەتی سوریا و پێکهاتەکان قوڵتر دەبێتەوە، کورد و درووز سیستەمی ناوەندی و باڵادەستبوونی حکومەت بەسەر ناوچەکانیان ڕەتدەکەنەوە، درزی نێوان حکومەت و پێکهاتەکانیش دەرفەتی زیاتری بۆ دەستوەردانی دەرەکی ڕەخساندووە.


خواستى شمولیه‌تى شه‌رع و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى پێکهاتەکان

پێکهاتەکانی سوریا لە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع یاخی دەبن، هۆکاری ئەمەش بۆ نەبوونی متمانە لە نێوانیان دەگێڕدرێتەوە، بەتایبەت دوای هێرشی سوپای سوریا بۆ سەر درووز و عەلەوییەکان درزی نێوانیان قووڵتر بووەتەوە.

لیژنەی یاسایی پارێزگای سوەیدای درووزنیشنی باشوری سوریا، نەخشە ڕێگای حکومەتی سوریا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگاکە ڕەتدەکاتەوە، جەخت لەسەر خۆبەڕێوەبەرێتی دەکاتەوە.

لیژنەی یاسایی پارێزگای سوەیدا کە سەر بە حیکمەت هیجری، ڕابەری ڕۆحی درووزەکانە، حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانی سوریا بە بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژی درووزەکان تۆمەتبار دەکات و ڕەتیدەکاتەوە بچنە ژێر ڕکێفی حکومەتی سوریاوە.

یاخیبوونی درووزەکان لە حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لەکاتێکدایە، ئیدارەی خۆسەردەسەڵاتدارانی سوریا بە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی دۆخی سوریا تۆمەتبار دەکات.

ئیدارەی خۆسەر سیستەمێکی نا ناوەندی بە چارەسەر بۆ دۆخی سوریا ناودەبات، لەکاتێکدا حکومەتی سوریا کە بە نزیکایەتی و بەهەند وەرگرتنی بۆچوونەکانی تورکیا تۆمەتبار دەکرێت ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

 

حکومەتەکەی شەرع متمانەی نێودەوڵەتی لەدەستداوە

 

فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی یەکێتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حکومەتەکەی شەرع متمانەی نێودەوڵەتی لەدەستداوە، تەنها تورکیا لە ئێستادا پشتگیری ئەو حکومەتە دەکات.

دەشڵێت: ئەو هێرشانەی لەلایەن هێزەکانی شەرعەوە کرانە سەر درووز و پێکهاتەکان، ئەو تێڕوانینەی لای کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دروستکرد ئەم هێزانە داعشن بە بەرگێکی نوێوە.


حکومەتی سوریا لەنێوان بەرداشی لایەنە دژەکاندا

وەکچۆن ئێران بە قۆستنەوەی دۆخی سەربازی و ئابووری عێراق بۆ خۆی تۆمەتبار دەکرێت، تورکیاش هەوڵیدا ئەم ئەزموونە لە سوریا دووبارە بکاتەوە، بەڵام سوریا خەریکە دەبێتە ئەو بۆمبەی بەڕووی تورکیادا دەتەقێتەوە.

تورکیا دەیەوێت سوریا وەکو سەنگەری پێشەوەی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت، هەروەها کار بۆ بەکارهێنانی حکومەتی سوریا لە دژی کورد دەکات، ئەمە جگە لەوەی ئامانجیشی بوو دۆخی ئابووری سوریا بقۆزێتەوەو کۆمپانیاکانی ڕەوانەی ئەو وڵاتە بکات.

هەرچەندە ئەمەریکا بە نێوەنگیری سعودیە بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سوریای هەڵگرت، بەڵام هێشتا سوریا نەبووەتە ئەو گۆڕەپانە ئابوورییە گرنگەی کۆمپانیا تورکییەکان سودی لێوەربگرن.

هەروەها سوریا نەک نەبووە سەنگەری پێشەوە بۆ تورکیا، بەڵکو دەستوەردانی دوو لایەنەی لەگەڵ ئیسرائیل خەریکە توشی پێکدادانی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکات، ئەمە جگە لەوەی ئامانجە گەورەکەی بەدی نەهاتووە کە لاوازکردنی پێگەی کوردو داماڵینیەتی لە چەک.

 

فشاری حکومەتی سوریا بوار بۆ دەستوەردانی ئیسرائیل فراوانتر دەکات

 

د. سەردار عەزیز، لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، دەڵێت: فشاری حکومەتی سوریا لەسەر پێکهاتەکان بوار بۆ دەستوەردانی ئیسرائیل فراوانتر دەکات.

دەشڵێت: ئیسرائیل متمانەی بە حکومەتەکەی شەرع نییە و نایەوێت حکومەتێکی بەهێز لەو وڵاتە دروست ببێت.


ئەمەریکا هێشتا پاڵپشتی كورده‌

ئەمەریکا هێشتا پاڵپشتی هێزە کوردییەکان لە سوریا دەکات و هاوکارییە سەربازی و لۆجستییەکانی بۆ هێزە کوردییەکان بەردەوامن، هاوکات مامەڵەش لەگەڵ حکومەتەکەی شەرع دەکات.

هەرچەندە هێشتا ئەو مەترسییە نەڕەویوەتەوە، ئیدارەی ترەمپ لەژێر کاریگەری کەنداو و تورکیا دەستبەرداری کورد ببێت، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێزەکانی هەسەدە هاوسۆزیی زۆریان لەگەڵدایە.

بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزە کوردییەکان هێشتا جێگەی ئومێدە، بەو پێیەی ئەمەریکا ناوچە کوردییەکان بە پێگەی خۆی دەزانێت و متمانەشی بە حکومەتەکەی شەرع نییە.

فەرید ئەسەسەرد، دەڵێت: تەنها هۆکار بۆ گرێدانی پەیوەندی نێوان حکومەتی سوریا ئەمەریکا ئەوەیە، هەردوو لایان دژی ڕژێمی ئەسەد بوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو