هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق؛ ئایا کورد لە ناوچە جێناکۆکەکاندا قوربانی دەبێت؟
٢٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٢:٢٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
پێشبینی دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کورد بە شێک لە کورسییەکانی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەدەست بدات، بەو پێیەی دۆخی ئەو ناوچانە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و پێگەی کورد بەراورد بە ڕابردوو لاوازتربووە.
موسڵ؛ ئەڵقە لاوازەکە
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە کوردییەکان لە پارێزگای نەینەوا 11 کورسییان بەدەستهێنا، پارتی 9 کورسی و یەکێتیش 2 کورسی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە بڕیارە لە ڕۆژی 11ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کورد ژمارەیەک لە کورسییەکانی لە نەینەوا لەدەست دەدات.
بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پارتی هێشتا لە هەندێک ناوچەی وەکو شەنگال و ناوچەکانی تر بارەگای دانەناوە، هەروەها پێگەی یەکێتیش بەهێز نییە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ژمارەی کورسییەکانی کورد کەمدەکات.
دەشڵێت: پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن، ژمارەی کورسییەکانی کورد لە نەینەوا لە 11 کورسییەوە بۆ 8 کورسی و کەمتریش، کەم ببێتەوە.
دیالە و سەڵاحەدین؛ پاشەکشەیەکی چاوەڕوانکراو
لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، لایەنە کوردییەکان کورسییەکیان لە پارێزگای دیالەو کورسییەکیشیان لە پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستهێنا، هەردوو کورسییەکە بۆ یەکێتی بوون.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، بەدەستهێنانەوەی دوو کورسییەکەی لە پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین بۆ یەکێتی قورس و زەحمەتن، بەتایبەت پێناچێت کورسییەکەی لە پارێزگای سەڵاحەددین بە ئاسانی بەدەستبهێنێتەوە.
لایەنە عەرەبییەکان ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی کوردییان کاندید کردووە
لەکاتێکدا دۆخی کورد لە پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین خراپە، بەڵام لایەنە کوردییەکان نەیانتوانی هاوپەیمانێتی دروست بکەن و بەجیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لایەنە عەرەبییەکان بارەگا و نوسینگەیان لە خانەقین کردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی کوردییان کاندید کردووە.
دەشڵێت: لایەنە عەرەبییە شیعەکان دڵنیان لەوەی لە خانەقین کورسی بەدەست ناهێنن، بەڵام کەسایەتی کوردییان بۆ ئەوە کاندید کردووە تا دەنگی کورد بسوتێنن، بۆ ئەوەی کورد کورسی لە دیالە نەهێنێت.
کەرکوک؛ ڕاگرتنی دەنگ و کورسییەکان
لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، 6 کورسییان لە کەرکوک لە کۆی 12 کورسی پارێزگاکە بەدەستهێنا، بۆ هەڵبژاردنی داهاتی ئەو ئەنجومەنە کورد لە باشترین حاڵەتدا 6 کورسییەکەی بەدەست دەهێنێتەوە و لە خراپترین حاڵەتیشدا 5 کورسی مسۆگەر دەکات.
یەکێتی 3 کورسی، پارتی 2 کورسی، نەوەی نوێ کورسییەکی لەو 6 کورسییەی جاری ڕابردوو بەدەستهێنا.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، تورکمان بە دوو لیست بەشداری هەڵبژارنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران لە کەرکوک دەکات، لیستێکیان هی بەرەی تورکمانی و ئەویتریان هی تورکمانە شیعەکانە.
نەجات حسێن، سەرکردەی تورکمانی شیعە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تورکمان لە تەکنیکی هەڵبژاردن دا جاری پێشوو هەڵەی کرد بۆیە 2 کورسی هێنا، ئەگینا بای سێ کورسی دەنگمان هەبوو.
لایەنە عەرەبییەکانیش لە کەرکوک بە چەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، دیارترینیان لیستی تەقەدوم و لیستی سیادەیە و ڕکابەری توندی یەکتری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر لەو پارێزگایە.
کەرکوک لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆ سەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرابوو، بازنەی ناوەڕاست و باشوری کەرکوک، بازنەی رۆژاوای کەرکوک و بازنەی رۆژهەڵات و باکوری پارێزگاکە.
هەرچەندە پێشبینی دەکرا کورد لە بازنەی ناوەڕاست و باشور یەک کورسی بهێنێت، بەڵام هەڵەی عەرەب و تورکمان لەو بازنەیە کوردی کردە خاوەنی دوو کورسی، هەروەها لە بازنەی رۆژهەڵات و باکوریش هەڵەی کورد کورسییەکی بە عەرەب بەخشی.
بۆیە پێشبینی دەکرێت کورد لە خراپترین حاڵەتدا 5 کورسی و لە باشترین حاڵەتدا 6 کورسی، هەروەها تورکمان لە خراپترین حاڵەتدا 2 کورسی و لە باشترین حاڵەتدا 3 کورسی، هەروەها عەرەبیش لە خراپترین حاڵەتدا 3 بۆ 4 کورسی و لە باشترین حاڵەتدا 5 کورسی بەدەستبهێنێت.