بادینان؛ خاکێک پارتی لەگەڵ کەسدا بەشی ناکات 

٢٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٦:٤٠ پاش نیوەڕۆ

بادینان؛ خاکێک پارتی لەگەڵ کەسدا بەشی ناکات 

پەنجەرە

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی ڕەهای دەنگی دەنگدەرانی ناوچەی بادینان بەدەست دەهێنێت، لەکاتێکدا پێگەی لایەنەکانی تر لەو ناوچەیە لاوازە و دەنگەکانیان هەڵکشان و داکشان دەکات.

لایەنەکان هۆکاری لاوازی پێگەیان بۆ فشاری پارتی دەگێڕنەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی پارتی دەڵێن پێویستیان بە فشار نییەو خەڵکی ناوچەی بادینان لایەنگری ئەوانن.


یەکێتی: دەستبەرداری بادینان نابین

لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و کەرکوک یەکێتی ڕکابەری پارتییە، بەڵام دۆخی یەکێتی لە ناوچەی بادینان لە ئاستێکدایە، دوو لایەنی تری کوردستانی لەو زیاتر دەنگیان هێناوە.

یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 28 هەزار و 572 دەنگی لە ناوچەی بادینان بەدەستهێناوە و یەک کورسی ئەو ناوچەیەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد، لەکاتێکدا یەکگرتووی ئیسلامی 2 کورسی، نەوەی نوێ 2 کورسی و ڕەوتی هەڵوێستیش کورسییەکی لە بادینان بەدەستهێنا.

محەمەد دوو شیوانی، بەرپرسی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە ناوچەی بادینان، لاوازی پێگەی حزبەکەی لە ناوچەی بادینان بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوە.

دوو شیوانی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانییە و دوورە لە بادینانەوە، هەروەها پارتی پارەیەکی زۆر خەرج دەکات، لەم ماوەیەدا پارتی 9 ملیار دیناری لە پارەی نەوتی سحێلا بۆ ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ خەرجکردووە.

بەپێی وتەی بەرپرسەکەی یەکێتی، هەر کەس و لایەنێک دەربکەوێت و پارتی بە مەترسی بزانێت، سەرکوتی دەکات؛ ئەمە جگە لەوەی هەرچی کادیری یەکێتی هەیە دەستگیرکراون و دواتر بە کەفالەت ئازادکراون، ئەمەش کەشێکی پڕ لە ترسی لە بادینان دروستکردووە.


پارتی: بادینان هەمیشە لەگەڵ ئێمەن

بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەتیدەکەنەوە پێویستیان بەوە هەبێت لە ناوچەی بادینان فشار دروست بکەن، ئاماژەبەوەدەکەن خەڵکی بادینان تەنها خزمەتی لە پارتی بینیووە.

ئەکرەم ساڵەح، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پارتی پێویستی بەوە نییە فشار لەسەر لایەنەکان لە بادینان دروست بکات، چونکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تەنها لەو سنورە 400 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.

دەشڵێت:خەڵکی بادینان تەنها پارتییان بینیووە شۆڕش و کوردایەتی و خزمەت بکات، بۆیە بە باشی ئاشنای پارتین و بەردەوام لەگەڵ پارتین.
  

لایەنەکان: کارکردن لە بادینان قورسە

لەو پێنج کورسییەی پەرلەمانی کوردستان کە یەکگرتوو، نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست لە ناوچەی بادینان بەدەستیانهێنا، دوو کورسییان لەلایەن دوو چالاکوانەوە بەدەستهێنران کە پێشتر چەند ساڵێک زیندانیکرابوون، ئەوانیش مەلا شڤان و بەدەل بەرواریین.

بەدەل بەرواریی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە خاوەنی دهۆک دەزانێت، ئەگەر بۆی بکرێت ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات لەو پارێزگایە دەنگ بهێنێت.

بەرواریی، کە لە فراکسیۆنی ڕەوتی هەڵوێست پەرلەمانتارە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پارتی قەبوڵ ناکات هیچ لایەنێک لە دهۆک سەرهەڵبدات، بۆیە لایەنەکان هیچیان لە دهۆک پێناکرێت بە ئێمە و هەموو لایەنەکانەوە.

بەدەل بەرواریی، وتیشی: پارتی بە ئاشکرا دەڵێت خاوەنی دهۆکم و نایشارێتەوە، ئەگەر پێیبکرێت ڕێگە نادات هیچ لایەنێک لە دهۆک کورسی بهێنێت، بەڵام پێیناکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو