گوتاری توندی دژ بەیەکتر؛ ئەو کارتە سوتاوەی پێناچێت پارتی و یەکێتی بتوانن سودی لێ ببیننەوە
٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٣:٠٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر یەکتری و گوتارە توند و حەماسییەکانیان، توانییان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سود بە یەکتری بگەیەنن، بەڵام بەڕای چاودێران ئەو کارتە سوتاوەو پێناچێت بتوانن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران سودی لێ ببیننەوە.
دروشمی لایەنەکان لە کۆتا هەڵبژاردن دا
حزب و لایەنەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دروشمی جۆراوجۆریان بەرزکردبوویەوە، زۆربەی دروشمەکانیان دژ بە یەکتری بوو، بەڵام دوای هەڵبژاردن هاوکێشەکان گۆڕان.
"خۆڕاگریی و ئاوەدانی" دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، "کۆتایی پێ دەهێنین" دروشمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها دروشمی نەوەی نوێ "درۆ دەکەن"و دروشمی بەرەی گەل "بە ئێمە دەکرێت"بوو. "ئیتر بەسە" دروشمی یەکگرتووی ئیسلامی و "ڕایاندەگرین" دروشمی کۆمەڵی دادگەری، هەروەها "متمانە نادۆڕێنین" دروشمی ڕەوتی هەڵوێست بوو.
لە ململانێوە بۆ دانوستان
لەکاتێکدا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی گوتاری توندیان ئاراستەی یەکتری دەکرد و بەرپرسیارێتی خراپی دۆخی کوردستانیان دەخستە ئەستۆی یەکتری، بەڵام دوای هەڵبژاردن هاوکێشەکان گۆڕان.
وەفدی پارتی و یەکێتی دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دانوستانیان دەستپێکرد بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەرچەندە تائێستا ڕێکنەکەوتوون و حکومەتیان پێکنەهێناوە، بەڵام جموجۆڵەکانیان پێچەوانەی گوتارەکانی کاتی بانگەشەیان بوو.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، یەکێتی و پارتی لەو گوتارە توندەی کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا لە دژی یەکتری بەکاریان هێنا، توانییان سۆزی جەماوەرەکانیان بجوڵێنن و ئاراستەیان بکەن بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان.
گوتاری توندی پارتی و یەکێتی لە دژی یەکتری، بە تایبەت پارتی خۆی بە پارێزەری قەوای هەرێم و یەکێتیش وەکو هێزێکی ناڕازیی خۆی نمایش دەکرد، وایکرد دەنگەکانی پارتی و ژمارەی کورسییەکانی یەکێتیش زیاد بکات.
سوتانی کارتەکان
هەرچەندە پارتی و یەکێتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سودیان لە گوتاری دژ بە یەکتری بینی، بەڵام بەڕای چاودێران ئەو کارتە بۆ کاتی بانگەشەی ئەنجومەنی نوێنەران دەست نادات، بەو پێیەی کارتێکی سوتاوە و خەڵک چیتر متمانە ناکاتەوە.
چاودێران پێشبینی دەکەن ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەنگە بەراورد بە پێشووتر خاوببێتەوە، بەو پێیەی کارتی گوتاری توندی دژ بە یەکتری سوتاوە و ناتوانن سودی لێ ببیننەوە.
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو دوو لایەنە هیچکام لە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا بەخەڵکیان داوە.
یەکێتی و پارتی لە ئێستاوە سەرقاڵی درووستکردنی گروپ و ئامادەکاریین بۆ "کڕینی دەنگ" لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕەنگە پاڵنەری پشت ئەمە دڵنیابوونیان بێت لە خراپی پێگە و متمانە نەکردنی دەنگدەر بە بانگەشەکانیان.