بۆچی پەرلەمانتارە کوردەکان بەرامبەر بە هێرشی پەرلەمانتارە عەرەبەکان بێدەنگن؟

٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٥٥ پاش نیوەڕۆ

بۆچی پەرلەمانتارە کوردەکان بەرامبەر بە هێرشی پەرلەمانتارە عەرەبەکان بێدەنگن؟

پەنجەرە

لەکاتێکدا ئەندامە عەرەبەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆرجار هەڵوێستی توند دەنوێنن بەرامبەر بەو پرسانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڵام زۆربەی ئەندامە کوردەکان دەستەوەستانن بەرامبەر بەو هەڵوێستە توندانە.

بێ دەنگی پەرلەمانتارە کوردەکان بەرامبەر هێرشی پەرلەمانتارە شیعەکان، پرسیاری لەسەر توانا ا ئەدای ئەو پەرلەمانتارانە لە بەغدا دروستکردووە، بەو پێیەی ئەوان بۆ داکۆیکردن لەسەر پرسە گرێدراوەکان بە هەرێم هەڵبژێردراون.

پەرلەمانتارە کوردەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ سەر دوو بەرە دابەشبوون، بەرەیەکیان پەرلەمانتارانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانن داکۆکیکردن لە هەرێم وەک داکۆکیکردن لە حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبینن، بەڵام زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانە پەرلەمانتاری یەکێتی و پارتین کە لەم پرسەدا ڕووبەڕووی ڕەخنە دەکرێنەوە.

بەپێی وتەی خودی پەرلەمانتاران، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرفتی زانینی زمانی عەرەبی و لاوازی ئەزموونی سیاسییان هەیە، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر شێوازی نوێنەرایەتیکردنی کورد لە بەغدا.

لە ئێستادا کورد لە کۆی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، خاوەنی 64 کورسیە. دابەشبوونەکان بەم شێوەیەن: پارتی 32 کورسی، یەکێتی 18 کورسی، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 4 کورسی و کۆمەڵی دادگەری 1 کورسی.


پەرلەمانتاران دەسەڵاتیان لا نییە

هیچ ئەندامێکی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی پارتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران نین. بە هەمان شێوە یەکێتیش هیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا نییە، هەرچەندە سەرۆک و جێگری فراکسیۆنەکەی پێشتر ئەندامی سەرکردایەتی بوون.

نەوەی نوێ کە خاوەنی 9 پەرلەمانتارە، بەشێک لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئێستای جوڵانەوەکە، پەرلەمانتاری عێراقن. یەکگرتووی ئیسلامی لەکۆی 4 پەرلەمانتاریان، دوانیان ئەندامی سەرکردایەتییە و پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەریش ئەندامی سەرکردایەتی نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە خولی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و تەنانەت کەسی یەکەمی حزبە کوردیەکانیش پەرلەمانتار بوون، وەکو دکتۆر فوئاد مەعسوم- ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرۆک کۆماری دواتری عێراق، هەروەها عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی و چەندین مەکتەب سیاسی و ئەندامی سەرکردایەتی تر.

چاودێران دەڵێن ئەم گۆڕانکارییە وایکردووە کە پەرلەمانتاران نەتوانن ڕاستەوخۆ خاوەن بڕیار بن و زۆربەی پرسە گرنگەکانی نێو پەرلەمان پێشوەخت بە ڕێککەوتنی سیاسی و لە سەرووی پەرلەمانتارانەوە یەکلایی دەکرێنەوە، بەو پێیەی بڕیار لای سیاسییەکانە لە هەرێمی کوردستان نەک پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا.

چاودێران دەڵێن ئەم بارودۆخە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش دووبارە بووەتەوە، بە شێوەیەک کە سەرکردە دەستەڵاتدارەکان ناچن لە ناو هۆڵی پەرلەمان ڕووبەڕوو گفتوگۆی پرسەکان بکەن.

د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لە کۆنەوە ڕایەکم هەیە و تائێستا جێبەجێ نەکراوە، دەبێت ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسانی باڵای حزبەکان ببنە پەرلەمانتار، هەتا ڕۆڵ بۆ پەرلەمان بگێڕدرێتەوە و دەسەڵاتیان هەبێت.

د. مەحمود عوسمان وتیشی: پەرلەمانتارانی کورد لە هەرێم و عێراقیش دەسەڵاتیان لا نییە، بڕیار لای بەرپرسانی حزبەکانە کە لە دەرەوەی پەرلەمانن.


سەرکردە عەرەبەکان چاو لە کوردەکان ناکەن

زۆرجار فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە نوێنەرایەتی پارتی و خالد شوانی ئەندامی سەرکردایەتی و وەزیری داد بە نوێنەرایەتی یەکێتی، پرسە جێناکۆکەکانیان لەگەڵ فراکسیۆنە عێراقییەکاندا یەکلایی دەکردەوە.

بەڕای چاودێران لە سیستەمی پەرلەمانیدا دەبێت بەرپرسانی باڵای حزبەکان سەرۆکی لیست بن، بەڵام هەندێک لە بەرپرسان لە دەنگ نەهێنان دەترسن و هەندێکیشیان خۆیان لە پەرلەمان بە گەورەتر دەزانن.

نەبوونی سەرکردەی باڵای لایەنە کوردییەکان لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدایە، بەشێکی زۆری سەرکردە باڵاکانی شیعە لە پەرلەمانەوە پۆستە باڵاکانی حکومەتیان وەرگرتووە. هەریەک لە نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئێستا و پێشووتری حکومەت، پێشتر پەرلەمانتار بوون. 


زمانزانیی؛ کێشەی پەیوەندیی و تێگەیشتن

یەکێکی تر لەو خاڵانەی وەکو هۆکاری بێدەنگی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هەژمار دەکرێت، لاوازیی توانای زمانەوانییانە، کەمەبەست لێی زمانی عەرەبییە.
 
هەرچەندە بەپێی دەستوری عێراق پەرلەمانتاری کورد مافی هەیە بەزمانی کوردی لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا گفتوگۆ بکات، بەڵام گفتووگۆکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زمانی عەرەبی ئەنجام دەدرێن.

داتایەکی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارە کوردانەوە لەبەردەستدا نییە کە زمانی عەرەبی بە باشی نازانن، بەڵام بە پێی وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردکان گرفتی زمانی عەرەبییان هەیە.

ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ناڵێم خول لە دوای خوڵ کواڵێتی پەرلەمانتار دادەبەزێت، بەڵکو دەڵێم ڕادەی نیشتمانپەروەریشیان دادەبەزێت. 

ئەو کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویست ئاماژە بە ناوی بکرێت، دەشڵێت: پەرلەمانتار گەر زمان نەزانێت، چۆن بەرگری لە مافی هەرێم دەکات؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو