"دۆسییەی زەرقاوییەکی دیکە"؛ لە ئەردەن دیپلۆتکارێکی ئەمەریکی کوشت و لە کوردستان دەستگیرکرا

٢٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١:٢٠ پاش نیوەڕۆ

"دۆسییەی زەرقاوییەکی دیکە"؛ لە ئەردەن دیپلۆتکارێکی ئەمەریکی کوشت و لە کوردستان دەستگیرکرا

پەنجەرە

بەرپرسێکی باڵای ڕێکخراوی قاعیدە کە تۆمەتبار بووە بە تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکی لە ئەردەن، لەکاتێکدا کە هەوڵیداوە لە ئێرانەوە بەرەو شاری بەغدا بڕوات، لە ساڵی 2004 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراوە.


 هەڵگرتنی شوێن پێی تۆمەتبارەکە

کاتێک لە ساڵی 2004، ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق چالاک بووە و بەرپرس لە دوای بەرپرسی ڕێکخراوەکە لە ئەفغانستانەوە ڕوویان لە عێراق کردووە، زانیاری لەبارەی بەڕێکەوتنی بەرپرسێکی باڵای ڕێکخراوەکە بۆ عێراق دەگاتە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم.

ئەوکات پەڕاندنەوەی بەرپرسانی ڕێکخراوی قاعیدە لە سنورەکانی ئێرانەوە بۆ بەغداو ناوەڕاستی عێراق، لە ئەستۆی کەسێک دەبێت بەناوی (ئەبو عائیشە). لە ڕێگەی کەسانی دەوروبەری ئەم بەرپرسەوە، زانیاری لەبارەی بەڕێکەوتنی بەرپرسەکەی قاعیدە بۆ عێراق دەگاتە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم. 

تا ئەو کاتەی دەستگیری دەکەن، هێزە ئەمنییەکانی هەرێم هیچ زانیارییەکیان لەبارەی (موعەمەر یوسف زەرقاوی)یەوە نابێت، تەنها ئەوەندە دەزانن بەرپرسێکی باڵای ڕێکخراوی قاعیدەیە.

کاتێک لە بەرە بەیانێکی زووی ساڵی 2004، هێزە ئەمنییەکانی هەرێم (موعەمەر یوسف زەرقاوی) لە سێڕیانی شارەدێی گردەگۆزینەـی سەر بە کەلار دەستگیردەکەن، ئەوکاتەی دەیویست بەرەو شاری بەغدا بڕوات، تێدەگەن بەرپرسێکی باڵای قاعیدە بووە بە تەڵەکەیانەوە، بەڵام هێشتا هەر نایناسن.


ناسینەوەی موعەمەر

کاتێک لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە (موعەمەر یوسف زەرقاوی) دەستگیردەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، دان دەنێت بەوەی کە سەرکردەیەکی ڕێکخراوی قاعیدەیە و تۆمەتباریشە بە کوشتنی دیپلۆماتکاری ئەمەریکی (لاری فولی)، کە لە مانگی 10ـی ساڵی 2002، لە عەمانی پایتەختی ئەردەن تیرۆر کرا.

 لە مانگی 10ـی ساڵی 2002، ئەو کاتەی دیپلۆماتکارە ئەمەریکییەکە لە ئەردەن کوژرا، لەسەر ئاستی ناوەندە سیاسی و دیپلۆماسییەکان هەڵایەکی گەورە دروستبوو، بەوەی چۆن دەکرێت لە وڵاتێکی سەقامگیری وەکو ئەردەن دا ئەو ڕووداوە ڕووبدات.

دوای دەستگیرکردنی (موعەمەر یوسف زەرقاوی) لەلایەن ئاسایشەوە، دواتر هێزەکانی ئەمەریکا دەچنە سەر هێڵ و ناوبراویان ڕادەست دەکرێت، بەوپێیەی ئەم کەسە لای هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بووە.


چارەنوسی "ئەبو عائیشە"

"ئەبو عائیشە" کە ساڵی 2004 بەرپرسی پەڕاندنەوەی بەرپرسانی قاعیدە بووە لە سنورەکانی ئێرانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵی دەستگیرکردنی لە دەوروبەری قەزای خانەقین دەدرێت، بەڵام خۆی دەرباز دەکات و هەڵدێت.

دوای هەڵهاتنی لە سنوری قەزای خانەقین، ئەبوعائیشە ڕوو لە ماڵی خوشکێکی دەکات لە دەوروبەری شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە، بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا شوێن پێی هەڵدەگرن و شوێنەکەی دەدۆزنەوە.

کاتێک هێزەکانی ئەمەریکا دەچنە سەر ماڵی خۆشکەکەی بۆ دەستگیرکردنی، "ئەبو عائیشە" ڕووبەڕووی هێزەکانی ئەمەریکا دەبێتەوە و خۆی ڕادەست ناکات، لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەند کاتژمێرییدا، دەکوژرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو