پارتی و یەکێتی؛ پێشمەرگەیان پەرت کردووە و هێزیش دژی یەکدی درووستدەکەن
٢٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١:٢١ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لەکاتێکدا هەوڵی یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی سەر بە حزبەکان دەدرێت لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەڵام پارتی و یەکێتی یەکتری بە دروستکردنی هێزی چەکدار لە دەرەوەی ئەو وەزارەتە تۆمەتبار دەکەن.
شەڕکردن بە نەیاری یەکتری
سەرباری هەوڵەکانی هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەرهێنانیان لەچنگی حزب، بەڵام یەکێتی و پارتی جگە لە دروستکردنی چەندین جۆر هێزی تر، هاوکات یەکتریش بە پێکهێنانی هێز بۆ نەیارەکانیان تۆمەتبار دەکەن.
پارتی لەلایەن یەکێتییەوە تۆمەتبار دەکرێت بە دروستکردنی هێز بۆ (ئەژی ئەمین) بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری یەکێتی، هەروەها یەکێتیش بە پاڵپشتیکردنی ئەدهەم بارزانی نەیاری پارتی تۆمەتبار دەکرێت.
ململانێی یەکێتی و پارتی تەنها لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دا نییە، بەڵکو ململانێکە ناوچە کێشە لەسەرەکانیشی گرتووەتەوە بەتایبەت قەزای شەنگال.
پارتی لەلایەن یەکێتییەوە بە بردنی حەیدەر شەشۆ و دروستکردنی هێز بۆی تۆمەتبار دەکرێت.
پارتیش دەڵێت یەکێتی 3 لیوای لە دهۆک و شێخان هەیە و ژمارەیان نزیکەی 5 هەزار پێشمەرگەیە، لەکاتێکدا ئەوان هێزیان لە سنوری یەکێتی نییە، جگە لە فەوج و لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە.
ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی هەر بەمەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە دادگاکانی هەولێر بڕیاری دەستگیرکردن بۆ فەرماندەی دژە تیرۆری یەکێتی دەرکراوە، لەلایەن دادگاکانی سلێمانیشەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەژی ئەمین دەرکراوە.
لەکاتێکدا ئەم دوو حزبە لە حکومەت و دەسەڵات دا پێکەوەن، بەڵام هەمیشە لە بۆسەدان بۆ یەکتری و داڵدەی نەیارەکانی یەکتری دەدەن، چاودێرانسی سیاسیش هۆکارەکەی بۆ بێ متمانەیی نێوانیان دەگێڕنەوە.
فراوانبوونی ململانێکە
تەنها نەیارەکانیان لە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی سودمەند نین، بەڵکو لە مانگی دووی ساڵی 2023ـش، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەدی حاجی مەحمود، پرۆسەی ناونوسکردنی بۆ هێزێکی 500 کەسی دەستپێکرد، بەڵام دواتر پرۆسەی ناونوسینەکە ڕاگیرا.
ئەوکات بەرپرسی نوسینگەی تایبەتی سەرۆکی پارتەکە، ڕەتیکردەوە مەبەستییان هەبووبێت هێز دروست بکەن، بەڵام سەرکردەیەکی سۆسیالیست جەختیکردەوە "ناونوسین بۆ دروستکردنی فەوجێکی 500 کەسی بووە بۆ کوڕەکەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات."
بەرپرسانی یەکێتی و تەنانەت پەکەکەش ئەوکات گومانیان هەبووە لە ئامانجی پشت دروستکردنی هێز بۆ پارتی سۆسیال دیموکرات، بەڵام بەرپرسانی پارتی پشتیوانی بوون.
بەمشێوەیەش پارتی و یەکێتی جگە لەوەی خۆیان هێزی پێشمەرگەیان دابەش کردووە، هاوکات بۆ فشارخستنە سەر بەرامبەر، سڵناکەنەوە لە پاڵپشتیکردن لە درووستکردنی هێزی دیکە.