تاوانێکی نهێنی لە گەرمیان: کوژرانی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم و شوێنپێی ونبووی بکوژەکە

٢٣ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٤٤ پاش نیوەڕۆ

تاوانێکی نهێنی لە گەرمیان: کوژرانی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم و شوێنپێی ونبووی بکوژەکە

پەنجەرە

شەوی ڕابردووی ناوچەی گەرمیان، بە هەواڵێکی دڵتەزێن و شۆکهێنەرەوە کۆتاییهات. ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، کادری دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچەکە، لە گوندی ئۆمەربلی سەر بە ناحیەی سەرقەڵا بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.

ئەم ڕووداوە کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی شەقام و گۆڕەپانی سیاسیدا لێکەوتەوە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، داوای کردووە بە زووترین کات دەستی پشت ئەم تاوانە ئاشکرا بکرێت.


ورده‌كارییه‌كانی كاتژمێره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و جیاوازەوە دەستی کەوتوون، ئەکبەری حاجی ڕۆستەم دوای ئەوەی لە بەنزینخانەیەکی کفری بەنزینی کردووەتە ئۆتۆمبیلەکەی، کاتژمێر (٥:٢٠)ی ئێوارە بە خێرایی بەرەو گوندی ئۆمەربل بەڕێکەوتووە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کاتژمێر (٥:٤٢) خولەک گەیشتووەتە ناحیەی سەرقەڵا و بەهەمان خێرایی بەرەو گوندەکەی ڕۆیشتووە و لە دەوروبەری کاتژمێر شەشی ئێوارە گەیشتووەتە ئۆمەربل.

ئەکبەر حاجی ڕۆستەم ڕاستەوخۆ نەچووەتە نێو گوندەکە، بەڵکو پێش گەیشتن بە گوندی ئۆمەربل، لە ڕێگایەکی خاکیدا لایداوە و بەرەو سەر زەوی و زارەکەی ڕۆیشتووە.

گومان دەکرێت، لەگەڵ گەیشتنی و لە دەوروبەری کاتژمێر شەشی ئێوارە، ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆی بووبێتەوە و کوژرابێت، هەرچەندە خێزانەکەی درەنگ بە ڕووداوەکەیان زانیووە و لە دەوروبەری کاتژمێر (١١)ـی شەو تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.


هەڵهاتنێکی شاراوە: شوێنپێی تاوانبارەکە

دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، بکوژەکە ئۆتۆمبێلی قوربانییەکەی لەگەڵ خۆی بردووە و بە ڕێگایەکی تری خاکیدا ناوچەکەی بەجێهێشتووە.

زانیارییە نوێیەکان دەریدەخەن کە تاوانبارەکە بە ناوچەی زنانەدا نەڕۆیشتووە، بەڵکو ڕێگەی سەرقەڵای گرتووەتەبەر و بەرەو گوندی دوانزە ئیمام بەڕێکەوتووە، ئەمەش بەو پێیەی ئەو ڕێگەیە هیچ بازگەیەکی تێدا نییە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، تاوانبارەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم بە نێو گوندی دوانزە ئیمام و دواتر گوندی سەرچەمدا تێپەڕیووە. لە کاتی نزیکبوونەوەش لە کامێراکانی چاودێری، هەوڵیداوە خۆی بشارێتەوە و لە دیدی کامێراکان دوور بکەوێتەوە.

هەرچەندە ئەو ڕێگەیەی تاوانبارەکەی پێدا ڕۆیشتووە لق و پۆی زۆری لێدەبێتەوە، بەشێک لە سەرچاوەکان پێیانوایە بەرەو ناحیەکانی جەبارە و قەرەتەپە ڕۆیشتووە، بەڵام بەشێکی دیکە گومان دەکەن بەرەو ناوچەی قوڕی چای و خورماتوو هەڵهاتبێت.


لێکۆڵینەوە چڕەکان و گومانەکان

دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەی گەرمیان بە چڕی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن. کامێرای چاودێری ڕێگەوبانەکانیان کۆکردووەتەوە و دەیانەوێت بگەنە سەرەداوەکان بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارەکە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان پێیانوایە، تاوانبارەکە شارەزاییەکی باشی لە جوگرافیای ناوچەکە و ڕێگەوبانەکاندا هەبووە، بۆیە هەوڵیداوە لە کامێراکانی چاودێری خۆی بدزێتەوە و بەو ڕێگانەشدا نەڕوات کە بازگەیان تێدایە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە چەند ئاراستەیەکدا گومان لە چۆنیەتی ڕووداوەکە و دەستی پشت تاوانەکە دەکەن، بەڵام تائێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی بەڵگەوە بگەنە ڕاستی و دەستی پشت ئەم تاوانە ئاشکرا بکەن.

ئەم ڕووداوە نائاساییە پرسیارێکی زۆری لەبارەی ئاسایشی ناوچەکە و هۆکاری ڕووداوەکە دروست کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەی ئەم دۆسییەوە بڵاوبکرێتەوە، کە بووە بە دۆسێیەکی جێ بایەخ نەک هەر لە گەرمیان، بەڵکو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو