"هەر یەکە و لە دۆڵێکن"؛ پارتی و یەکێتی کێشەی پۆستەکانی هەرێمیان چارەنەکردوە و ئەوانەی عێراق سەرهەڵدەدەن
٢٤ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٤٩ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە چەندین مانگ لە گفتوگۆی پڕ لە ئاڵۆزی بۆ پێکهێنانی حکومەت تێپەڕ دەبێت، جەوهەری کێشەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکان چڕ بووەتەوە. ناکۆکی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو هێزی سەرەکی هەرێم، لەسەر چەمکی "هاوبەشییکردن" و "بەشداریی" و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتای کێشەیەکە کە چاوەڕێ دەکرێت گەشە بکات و پۆستە باڵاکانی بەغداش بگرێتەوە.
پارتی و یەکێتی؛ هاوبەشێتی "شەراکەت" یان بەشداریکردن؟
پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە نێوان پارتی و یەکێتی لە قۆناغێکی نادیاردایە. یەکێتی جەخت لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان و بەڕێوەبردندا دەکاتەوە، لە کاتێکدا پارتی تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە. سەرەڕای جیاوازییەکانیان لەسەر بەرنامەی حکومەت و چەمکی شەراکەت، ناکۆکی سەرەکییان لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی هەرێمە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکان بە پەنجەرەی ڕاگەیاندووە کە هەردوو حزب سەرەتا لەسەر چوار پۆستە سەرەکییەکە گفتوگۆیان کردووە: سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری. بەڵام پارتی ڕازی نەبووە بە پێشنیارەکانی یەکێتی، کە بریتی بوو لە هەڵبژاردنی یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی و یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان یان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریش بۆ پارتی، وەک براوەی یەکەم.
کاتێک نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر ئەم چوار پۆستە سەرەکییە، دواتر کێشە لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکانیش سەریهەڵداوە. یەکێتی پێشنیاری کردووە کە هەر لایەنێک پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی برد، با وەزارەتە گرنگەکان بۆ لایەنەکەی تر بێت، ئەمەش دەرخەری قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانە.
لە هەرێمەوە بۆ بەغدا: کێشمەکێشێکی نوێ لە ئاسۆدا
لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی هەرێم، پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا مشتومڕێکی نوێ سەرهەڵبدات، ئەویش لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەرکەوتەی کورد لە حکومەتی عێراق.
پێشتر ناکۆکی قووڵ لەسەر پۆستەکانی عێراق لە نێوان هەردوو حزب ڕوویداوە، بەتایبەتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کە پارتی چەند جارێک هەوڵی داوە لە دەست یەکێتی دەربهێنێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا جۆری مشتومڕی داهاتوو لەسەر پۆستەکانی بەغدا ڕوون نییە.
لە ئێستادا پۆستی سەرۆک کۆمار، وەزارەتی داد و ژینگە و کۆمەڵێک پۆستی تری بەرکەوتەی کورد لای یەکێتین، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و ژمارەیەک پۆستی تری عێراق لەلایەن پارتییەوە بەڕێوەدەبرێن.
د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی "پەی"، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ڕەنگە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، یەکێتی و پارتی بەیەک پاکێج گفتوگۆ لەسەر پۆستەکانی هەرێم و بەغدا بکەن." ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری گشتگیربوونی گفتوگۆکان و ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە.
پۆستەکانی بەغدا: پارووە چەورەکە
ناکۆکی لە نێوان هێز و لایەنە عێراقییەکان لەنێویشیاندا ئەوانەی کوردستان، لەسەر ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە "سیادی" شتێکی نوێ نییە و بەردەوام ڕوودەدات. چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو وەزارەتانە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتن بۆ حزبەکان، بۆیە ململانێیەکی توند لەسەریان هەیە.
وەزارەتەکانی (دارایی، نەوت، بەرگری، ناوخۆ و دەرەوە) بە وەزارەتی "سیادی" ناسراون و هەمیشە لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا زۆرترین مشتومڕ لەسەر ئەم وەزارەتانە دروست دەبێت.
زۆر جار لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە باس لەوە دەکرێت کە هەندێک لەم وەزارەتانە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت. هەرچەندە ئەم زانیارییانە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام بەڕای چاودێران، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەکارهێنانی وەزارەتەکان بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی.
بەمشێوەیەش پارتی و یەکێتی کە نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی پۆستەکانی کابینەی پێکنەهێنراوی هەرێم، پاش چەند مانگێکی تر ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی بەغدا دەبنەوە، ئەوکات لەبری شەڕێک، دەبێت دووان بکەن!