"لەبری دادگا، عەشیرەت و حزب بڕیار دەدەن"؛ قەیرانی متمانە بە یاسا لە کوردستان

٢٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١٠:٥٠ پێش نیوەڕۆ

"لەبری دادگا، عەشیرەت و حزب بڕیار دەدەن"؛ قەیرانی متمانە بە یاسا لە کوردستان

پەنجەرە

حاڵەتەکانی کوشتن و تۆڵەکردنەوەی عەشایەریی لە دەرەوەی یاسا، بوونەتە دیاردەیەکی بەربڵاو، هۆکاری ئەمەش بۆ لاوازی ڕۆڵی یاسا و باڵادەستبوونی حزب دەگێڕدرێتەوە، بەوپێیەی زۆربەی تۆمەتباران سەر بە حزبەکانن.

 لاوازیی متمانە بەیاسا

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان ئاماژەن بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک بەیاسا لاوازبووە، خەڵک لەبری حکومەت و یاسا تۆڵە دەکاتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ باڵادەستبوونی حزب بەسەر یاسادا دەگێڕدرێتەوە.

بەشێک لەو تاوانبارانەی تۆمەتی کوشتنیان دەدرێتە پاڵ و لەلایەن حزب و بەرپرسانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دۆسیەکانیان لە دەرەوەی دادگاکان بۆ چارەسەر دەکرێت، ئەوانەشی سزا دەدرێن خەڵک "بەقەڵەوکردن" لە نێو زیندان دا ناویان دەهێنێت نەک سزادان.

ئەکبەری حاجی رۆستەم، کەسایەتی دیاری کفری کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ڕووداوێکی کۆمەڵایەتییەوە کوژرا، پێشتر بە ڕوونی ئاماژەی بەوەکرد یاسا بەرامبەر خەڵکی هەژار جێبەجێ دەکرێت.

ئەکبەری حاجی ڕۆستەم وتی: یاسا ناتوانێت ئێمە دەستگیربکات، کاتێک یاسا خەڵکی تری پێ دەستگیرناکرێت، بۆچی بەسەر ئێمەدا جێبەجێ بکرێت؟
 
یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ لاوازی ڕۆڵی یاسا دەگێڕدرێتەوە، بەو پێیەی کاتێک خەڵک متمانەی بەیاسا نەمێنێت تا مافی بۆ وەربگرێتەوە، خۆی بیر لە تۆڵە کردنەوە دەکاتەوە.

حاکم ناز نوری، ئەندامی پێشووی داواکاری گشتی سلێمانی، پێشتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاگه‌یاند: بێ متمانه‌یی خه‌ڵک به‌ دادگاکان هی ئه‌مڕۆ نییه‌، له‌دوای ساڵی 2010ـەوە‌ ورده‌ ورده‌ دادگا بوونی نه‌ما.

دەشڵێت: حزب کۆنترۆڵی دادگاکانی کرد، ته‌نانه‌ت دادوه‌ر له‌ رێگه‌ی حزبه‌وه‌ له‌ په‌یمانگای دادوه‌ریی وه‌رده‌گیرێت. دادوه‌ریش زۆر تاوانی نییه‌ چونکه‌ چانسی دادوه‌ر بوون له‌ده‌ست ده‌دات گه‌ر ڕازی نه‌بێت.

ئه‌و دەشڵێت: "دادگا و یاسا نه‌ک به‌رپرسی باڵای حزبه‌کانی پێ ده‌ستگیر ناکرێت، به‌ڵکو ناتوانێت ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیشیان بگرێت."


تۆڵەکردنەوە لە بری یاسا 

کاتێک لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ، کێشە لە نێو عەشیرەتەکانی هەرکی و گۆران لە ناوچەی خەبات ڕوویدا، لایەنێکی کێشەکە بە ئاشکرا ئاماژەی بەوەکرد یاسا مافی بۆ وەرنەگرتووەتەوە بۆیە هەوڵیداوە لە ڕێگەی هێزەوە ئەو کارە بکات.

خورشید هەرکی، کەسایەتی عەشیرەتی هەرکی لە ناوچەی خەبات، سەرجەم سکاڵاکانی لە بەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەرهێنا و ئاماژەی بەوەکرد، یاسا مافی بۆ وەرنەگرتووەتەوە بۆیە لە ڕێگەی هێزەوە ئەو کارە دەکات.

ڕەنگە نزیکترین نموونە بۆ تۆڵەکردنەوە لە بری یاسا ڕووداوەکەی ئەمڕۆی قەزای کفری بێت، کاتێک باوک و کوڕێکی عەرەب کوژران، هۆکارەکەی بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی کەسایەتی دیاری قەزاکە ئەکبەری حاجی رۆستەم گێڕدرایەوە.

پارێزه‌رێک، هۆکاری بێ متمانه‌یی خه‌ڵکی سنوری پارتی و یەکێتی بۆ دادگاکانی یەکتر بۆ ناکۆکی حزبی ده‌گێڕێته‌وه‌.

پارێزه‌ر کاوه‌ له‌تیف، ده‌ڵێت: پارتی له‌ هه‌ولێر ته‌حه‌کوم به‌ دادگاوه‌ ده‌کات و یه‌کێتیش له‌ سلێمانی به‌ هه‌مان شێوه‌. ئه‌مه‌ش بێ متمانه‌یی لای خه‌ڵک به‌ دادگاکان دروستکردووه‌. 

وتیشی: پاشان ده‌زگای ئه‌منی که‌ جێبه‌جێکاری فه‌رمانه‌ دادوه‌رییه‌کانن، سه‌ربه‌ حزبن، ناتوانن له‌ سنوری یه‌کتری کاربکه‌ن.


لایەنگیریی حزبی لە ناو دادوەران

لایەنگری حزبی لای بەشێک لە دادوەران بە هۆکارێکی تری لاواز بوونی متمانەی خەڵک بە یاسا دەگێڕدرێتەوە، بەو پێیەی بەشێک لە دادوەرەکان تۆمەتبار دەکرێن بە لایەنگرییکردنی حزب.

 له‌ هه‌ڵبژاردنەکانی پێشووی په‌رله‌مانی عێراقدا، وێنه‌ی ژماره‌یه‌ک دادوه‌ری هه‌ولێر بڵاوکرایه‌وه‌ کاتێک به‌شداری بانگه‌شی هه‌ڵبژاردنی پارتییان کرد. 

هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک دادوه‌ری سنوری سلێمانیش‌، پێشتر خۆیان بۆ یه‌کێتی کاندید کردووە یاخود دوای خانەنیشین بوونیان کاری حزبیان کردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە دادوەران دەڵێن، دادوەری لێهاتوو دەتوانێت هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بە بێ ئەوەی حزب و بەرپرسان بتوانن دەستوەردان لە کاریدا بکەن، لە ڕابردووشدا نموونەی ئەم دادوەرانە هەبوون و بینراون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو