ڕیفراندۆم لە نێوان شکست و دەستکەوت دا

٢٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٤٤ پاش نیوەڕۆ

ڕیفراندۆم لە نێوان شکست و دەستکەوت دا

پەنجەرە

دوای تێپەڕبوونی 8 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا، هێشتا مشت و مڕو لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەو پێیەی پاڵپشتیکارانی بە کارتێکی مێژوویی و نەیارانیشی بەهۆکاری لاوازبوونی پێگەی هەرێمی لە چوارچێوەی عێراق دا دەزانن.

لە ڕۆژی 25/9/2017، پرۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەنجامدرا، ئەوکات دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد گوایە پرۆسەکە بۆ "سەربەخۆیی" و جیابوونەوە"ـیە لە عێراق، بەڵام دوای مانگێک هاوکێشەکان بەسەر هەرێم دا قەڵپ بوونەوە.

کاتێک ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکان پشتگیری ئەنجامدانی پرۆسەکەیانکرد، بەڵام دوای کەمتر لە مانگێک و ئەوکاتەی لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان دەستیپێکرد، لایەنەکان کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکتری.

دوای تێپەڕبوونی 8 ساڵ بە سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، دۆخی دارایی و ئابووری و تەنانەت پێگەی کوردیش لە چوارچێوەی عێراقدا تەواو "لاواز" بووە، هەرێم بۆ پێدانی بودجەو موچەی فەرمانبەران چاوی لەدەستی بەغدایە، لەکاتێکدا پێش ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، پێگەی کورد هێندە بە هێزبوو ململانێی حکومەتی عێراقی دەکرد.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە بیانووی ئەوەی نایەوێت برینەکان بکولێتەوە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕیفراندۆم بڕیارێکی هەڵەبوو، لە کاتێکی هەڵەدا چەند کەس و لایەنێک بڕیاریان لێدا.

وتیشی: هەموو کورد سەربەخۆیی پێخۆشە، دروشمی یەکێتی مافی چارەی خۆنوسینە، بەڵام گەیشتن بەو مافە نەتەوەییە، لێکدانەوەی ورد و هەڵبژاردنی کاتی گونجاوی دەوێت، بڕیار و کاتی ڕیفراندۆم هەڵەبوو، بۆیە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانمان لەدەستدا.

بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی 8 ساڵ بەسەر ڕیفراندۆم و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوون، هێشتا شانازی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە دەکەن و پێیانوایە بڕیارێکی "دروستبوو"ـە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەشتەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا، ڕایگەیاند: نیشتمان نەخشەیەک نییە لەسەر کاغەز بێت، بەڵکو خوێنەو بە دەمارەکاندا دەگەڕێت.

بەرپرسانی پارتی پێیانوایە، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەو خراپی مامەڵەی عێراق بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای ئەوەی کێشەکان بەهەڵواسراوی مابوونەوەو چارەسەر نەکران.

لەپاڵ ئەوەی هێشتا ڕیفراندۆم بە کارتێکی ئامادەکراو دادەنێن و پێیانوایە لەکاتی گونجاودا سودی لێدەبینرێت، بەرپرسانی پارتی هەمیشە شانازی بە ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە ڕیفراندۆم دا دەکەن، کە ڕێژەکە گەیشتە سەرووی 90%.

هەرچەندە تا ساتە وەختەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پارتی و یەکێتی و لایەنەکان لەسەر یەک مێز تاوتوێی ئەنجامدانی پرۆسەکەیان دەکرد، بەڵام دوای کەمتر لە مانگێک، لە پڕ هاوکێشەکان گۆڕان، کاتێک هێرشی عێراق بۆ سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیپێکردو ئەو ناوچانە کۆنترۆڵکران.

یەکێتی هۆکاری لەشکرکێشی عێراقی بۆ لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم گێڕایەوە، پارتی یەکێتی بە دەست تێکەڵکردن لەگەڵ عێراق و ڕادەستکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان تۆمەتبار کرد، هاوڕایی و کۆبوونەوەی ئەو دوو هێزەی پێشتر لەدەوری یەک مێزبوون، گۆڕا بۆ سەنگەرلەیەکتری گرتن.

سەرکردەکەی یەکێتی دەڵێت: بەشی زۆری یەکێتی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوو، بەشێکی کەم لە سەرکردەکان لەگەڵی بوون، ئەویش بەو مەرجەی پرۆسەکە لەناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجام نەدرێت، چونکە دەمانزانی باجەکەی دەدەین.

جەختیشیکردەوە: لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا، عینادی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزکرا کە لەگەڵ پرۆسەکەدا نەبوون، ئەوان پاڵپشتی عێراقی یەکگرتوویان دەکرد، هەر ئەمەش هەرێمی بەمڕۆژە گەیاند و بووە هۆی لاوازکردنی.

پارتی پێییوایە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشێوەی "دووفاقی" مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمکردووە، لەکاتێکدا هەرێم بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، مادەی (38)ی دەستوری عێراقی جێبەجێکردووە، کە ماف دەداتە هەر هاوڵاتییەک گوزارشت لە بۆچوونی خۆی بکات.

بەرپرسانی پارتی دەڵێن: لە ڕیفراندۆم دا تەنها پرسیار لەخەڵک کراوەو وەڵامەکەیان وەرگرتووەتەوە. سەرکردەکانی ئەوروپاو ئەمەریکاو عەبادیش کەس دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم دەرنەبڕی، بەڵام لە دوا ساتەکاندا گوتیان دوایبخەن.

زۆرجار بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕیفراندۆم وەکو "تاپۆی ڕەش" ناودەهێنن، گوایە لەکاتی پێویستدا بەکاری دەهێنن، لەکاتێکدا ئێستا هەرێم لەدۆخێکی خراپدایە، سەبارەت بەوەی چۆن "تاپۆ ڕەشەکە" بەکارناهێنن، عەبدولسەڵام بەرواری، کادیری پێشکەوتووی پارتی دەڵێت: گۆڕانکاری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، عەقڵیەتی حوکمڕانی دەوروبەر و کۆمەڵێک فاکتەریش ئێستا لە عێراق هەن، ڕێگرە لەوەی بتوانی کارتی ریفراندۆم بەکار بهێنیت، بەڵام گرنگی کارتەکە لەوەدایە، سەلماندنی میللەتی کورد لەسیاسەتی بەغدا ڕازی نییە.

دوای تێپەڕبوونی 8 ساڵ بەسەر ئەو ڕیفراندۆمەی بۆ "سەربەخۆیی" ئەنجامدرا، بارودۆخی دارایی و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، تا دێت لاوازتر دەبێت، هەندێک لە چاودێران دۆخی ئێستای هەرێم گرێ دەدەنەوە بە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمەوە.

چاودێرانی سیاسی پێبانوایە، ڕیفراندۆم وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت ئەوانەی کوردییان تێدایە ترساند، ترسان لەوەی ئەوانیش ڕووبەڕووی دۆخی وەها ببنەوە، بۆیە کەوتنە جوڵە تا تواناکانی هەرێم لاواز بکەن و کورد وا لێبکەن جارێکی تر بیر لە شتی وا نەکاتەوە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ریفراندۆم دۆخێکی دروستکرد، دۆستەکانی کوردیش کێشەیان بۆ دروستبوو، هەستیان کرد پرۆسەکە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەکانگیر نییە، بۆیە نیگەرانی دۆستەکانی، زەمینەی بۆ نەیارەکانی کورد ڕەخساند، تا ئاسانتر ڕووبەڕووی خەیاڵی سەربەخۆیی ببنەوە لای کورد.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو