ڕووداوەکەی کفری: ڕێسای خێڵ و حوکمی یاسا

٢٥ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٤٩ پاش نیوەڕۆ

وەک لە هەواڵەکاندا باس دەکرێت گەنجێکی عەرەب، لە سەر پرسی زەوی و زار کەسێک بە ناوی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم لە کفری دەکوژێت. پاشان لە هەوڵی تۆڵەکردنەوەیدا دوو کەس بە هەڵە کوژران. 

ئەم ڕووداوە بۆ من لە چەندین لاوە مایەی تێڕامانە. بە کورتی ڕوداوەکە نە نوێیە، نە بێ پێشینەیە، نە ناوازەیە لە هەناو کۆمەڵگا و مێژووی ناوچەکەدا. مێژووی چەندین هەزار ساڵی خەڵکیی لەو ناوچەیە، بریتیە لە مێژوی تیرە و خێلەکان کە لە میانەی بەڕێوبردنی ژیان و ژیاریاندا کۆمەڵێک ڕێسا و نۆرمیان بەرهەمهێناوە کە وەک دۆخێکی سروشتی لێهاتوە. 

یەکەم ڕێسا، وەک لەم پرسەدا دەیبینین، ئەوەیە کە هیچ کەسێک تەنها نیە، یان تاک و تاکگەرایی بونی نیە. مرۆڤەکان بەشێکن لە گروپێک ئیتر ئایا خێزانە، تیرەیە، عەشیرەتە، وەک پاشان دەیبینین لە فۆرمی مۆدێرنیدا دەبێتە ئیتنی. ئەم دۆخە بوون لە هەناو کایەی تیرەدا، لە کاتی قەیراندا زیاتر زەق دەبێتەوە بە تایبەتی. 

ئەگەر بە ووردی لە زمانی کوردی ڕابمێنیت، دەبینیت پڕیەتی لە زاراوەی تایبەت کە هاوکاریمان دەکات بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی ململانێکان و سروشتی چارەسەرەکان. یەکێک لەو زاراوانە ئەوەیە کە دەڵێن لە [حەقی خوێندا]. بۆ نمونە دەوترێت برایەکیان کوشت لە حەقی خوێند، یان ژنێکیان پێدان لە حەقی خوێندا. حەقی خوێن بە مانای ئەوەی کەسێک لە گروپێک کوژراوە، ئەو گروپەش وەک حەقی خۆی کە خوێنی لێڕژاوە، دەبێت هەمان شێوە خوێن بڕێژێت. ئەگەر هاتوو کەسی بکوژ بەردەست نەکەوت ئەوا کەسێکی تر لە خێزان یان کەسوکار یان تیرەکەی.

ئەمە بنەمای خوێن بەرامبەر خوێنە، لە کۆمەڵگایەکدا کە کەسەکان تاک نین، بەڵکو بەشێکن لە گروپ. لە ڕاستیدا ئەم ڕێسایە، ڕەنگە کاتێک ئێستا لێی دەڕوانین، وەها دەرکەوێت کە خراپ و دواکەوتوە، بەڵام وەها دەردەکەوێت کە ئامانجی سەرەکی کوشتن نیە، بەڵکو ڕێگرییە لە کوشتن. چونکە لە کرۆکی ڕێساکەدا، ئەو تێگەیشتنە هەیە کە گەر کەسێک بکوژیت، ئەگەر خۆت نەکوژرێیتەوە، ئەوا کەسێکی نزیکت دەکوژرێت، بۆیە وەها باشە نەکوژیت. 

 

دوژمنایەتی خوێن پرۆسەیەکی خوێنڕشتنی تۆڵە و تۆڵەسازییە کە چەندین کەس تیایدا دەکوژرێت

 

دیارە وەک دەربڕینێکی تری ناو زمانی کوردی ئاماژەی پێدەدا، سیستەمێک دروست دەبێت کە بە دوژمنایەتی خوێن ناسراوە. دوژمنایەتی خوێن، پرۆسەیەکی خوێنڕشتنی تۆڵە و تۆڵەسازییە کە چەندین کەس تیایدا دەکوژرێت لە ماوەی چەندین ساڵدا، لە ڕاستیدا دوژمنایەتییەکە هەر بەردەوام دەبێت هەتا هەردوولا دەگەنە سوڵح.

گرنگە ئەم دۆخە بە وردی ڕایەڵ بکرێت و تێی بگەین هەتا بتوانین لێی دەربچین. بەبێ تێگەیشتن لێی ناتوانین بگوێزینەوە بۆ دۆخێکی جیاواز کە تیایدا تاک وەک تاک بونی هەیە و تەنها و تەنها خۆی بەرپرسە لە کارە باش و خراپەکانی و سزا و پاداشتیش لە سەر هەمان بنەما دەبێت. 

بۆ ئەوەی ئەم وەرچەرخانە ئەنجام بدەین دەبێت سیستەمێکی تر بونیاد بنێین کە بتوانێت جێگای سیستەمە خێڵەکییەکە بگرێتەوە.

ئەم سیستەمە تەنها بریتی نیە لە وازهێنان لە تیرەگەرێتی یان خێڵەکی. یان وەک ئەوەی لە دۆخی کوردستاندا هەیە، خەڵک بە زارەکی وەها خۆیان دەردەخەن کە خێڵەکی یان تیرەگەریی ناکەن، بەڵام بە کردار و وەک کردەیەکی سروشتی هەمیشە وەها ڕەفتار دەکەن. ئەمەش وەها دەکات گواستنەوە سەخت بێت، چونکە تیرەگەرێتی سروشتی دەردەکەوێت، بە پێچەوانەی تاکگەرایی مێژوییەکی دێرینی هەیە.

گواستنەوە بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی تاک یان لیبرالیزم لەم دۆخەدا، تەنها بەوە بەرجەستە نابێت کە بڵێیت بڕوام بە عەشیرەت نیە، بەڵکو گورژمێک وەرچەرخان و بونیادنانی دەوێت.
سەرەتا ئەوەی وەها دەکات کەسێک خێڵەکی بێت نەبونی سیستەمێکی ئاسایشیی دادپەروەرە. مەبەستمان لەمە ئەوەیە کە سیستەمێک هەبێت هەموان بە یەکسانی لە سایەیدا هەست بە ئارامی و پاراستن بکەن. کەسێک کاتێک پێویستی بە خێڵ یان تیرە نیە کاتێک کە ناچار نابێت لە کاتی تەنگانەو مەترسیدا پێویستی بەوەبێت لە پەناگەی خەڵکانی تردا خۆی بپارێزێت. بەو مانایە سیستەمی ئاسایشی لە سەر بنەمای یاسا بێت. یاساش لە پرۆسەیەکی کراوەی دیموکراسیدا بەرهەم بێت. 

بەڵام کاتێک یاسا تەنها بۆ پێشێلکردنە و دادگاکان بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارانەن کە کەسانی باڵا پێیان خۆشە، ئەوا هێز دەبێتە مەحەک. کاتێک هێز مەحەکە، ناتوانیت باس لە سیستەمێکی تاک گەرایی بکەیت، چونکە تاک لە کایەی هێزدا تەواو لاوازە و هەر زوو پێشێل دەکرێت.

 

حوکمی خێڵ ماف تیایدا لە سەر بنەمای هێزە

 

ڕاستیەکی نەوتراوە لە ناوچەکە، ئەگەر تیرە و خێڵت هەبێت مەترسیت لە سەر کەمترە. بگرە دەستکەوتت زیاترە.
گواستنەوەیەکی تر کە گرنگە، کردنی یاسایە بە بنەما. گواستنەوەی کۆمەڵگا بۆ حوکمی یاسا، زۆر سەختە کاتێک کۆمەڵگا لە مێژویدا لە سەر بنەمای خێڵ بەڕێوەچووە. حوکمی خێڵ لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێک خەسڵەتی دەروونی و شەهامەت و نواندن و ترساندنی هەیە. بۆ نمونە، کاتێک کەسێک دەکوژرێت دەبێت هەتا زووە تۆڵەی بکرێتەوە، لە ڕاستیدا هەتا زوو تۆڵەی بکرێتەوە، نیشانەی بەهێزی بنەماڵە یان خێڵەکەیە.

ڕەنگە ئەم فشاری زوو تۆڵە کردنەوەیە بێت وەهای کردبێت لە بنەماڵەکەی کفری بە هەڵە دوو کەسی تر بکوژن.

بەڵام هیچ کام لەمانە نایەنە دی ئەگەر سیستەمەکی حوکمڕانی یان دەوڵەتێکی مۆدێرنی لیبرال بونی نەبێت. کاتێک دەوڵەتێکی لیبرالی کلاسیکی یان لیبراڵی مرۆڤدۆستی، بونی هەیە، ئەوا کاری سوپا پاراستنی کۆمەڵگایە لە دەرەوە هەتا بتوانن بەبێ دەستوەردان و مەترسی سیاسەت بکەن. پاشان کاری پۆلیس بەرجەستەکردنی ئاسایشە، لە هەمانکاتدا کاری دادوەریی و دەزگاکانی پەیوەست پێوە ئەوەیە کە مافی مافخوراوان بگەڕێنێتەوە و ڕێگری لە زوڵمی بەهێز بکات بەرامبەر کەم هێز یان لاواز. 

بەڵام حوکمی خێڵ ماف تیایدا لە سەر بنەمای هێزە. هەتا هێزت زیاتر بێت، مافت زیاترە. هەتا هێزت کەمتر بێت مافت کەمترە.

خێل خۆی سیستەمێکی کامڵی دەوڵەتییە. بەو مانایە خێڵ دەوڵەتۆکەیەکە، کە هەموو خێڵەکانی تر بە ڕکەبەر و نەیار دەزانێت. ئەمە ڕێگریی سەرەکی دروست نەبونی نەتەوەیە لە ناو کورد و عەرەب و ئەوانیتردا. 

کۆتا سەرنج دەربارەی گواستنەوەیە لە بنەماڵە و خێڵەوە بۆ ئیتنیک. کاتێک بنەماڵەی ئەکبەر دوو عەرەب دەکوژن، بنەماڵەی عەرەبەکان کە دەزانن بە هەڵە کوژراون، داوا دەکەن یان تۆڵە بکرێتەوە یان ئەوانیش لە بەرامبەردا دوو کورد دەکوژن. لێرەدا بنەماڵە عەرەبەکەی تر وەها تێدەگەن کە ئەم دوو کەسە کە کوژراون لە بەر ئەوە کوژراون کە عەرەب بوون، چونکە ناسنامەی بکوژەکە عەرەبە. بۆیە وەک ململانێی کورد و عەرەب تەماشای دەکەن. ئەم دیدە درێژکراوەی دیدی خێڵەکییە لە هەردوو لاوە.


نوێترین شرۆڤەکان