دوو مامەڵەی جیاواز؛ شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگی لە گۆشەنیگای یەکێتیدا
٢٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٢:٤٦ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە
ئەم ڕاپۆرتە شیکردنەوەیەکی بەراوردکارییە بۆ شێوازی مامەڵەکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ دوو دۆسیەی سیاسی دیاردا: یەکێکیان هی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ئەوی تریش هی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل.
یەکێتی لەم دوو دۆسیەیەدا دوو ستراتیژی جیاواز پەیڕەو دەکات، کە یەکێکیان وەک کێشەیەکی مەدەنی و ئەوی دیکەش وەک دۆسیەیەکی ئەمنی دەناسێنێت، ئەمەش پرسیار لەسەر بنەما و ئامانجەکانی ئەم جیاوازییە دروست دەکات.
شاسوار عەبدولواحید: دۆسیەیەکی مەدەنی لەژێر چاودێری پۆلیسدا
شاسوار عەبدولواحید، کە لەم دواییانەدا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا و بۆ ماوەی پێنج مانگ سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانیدا ڕاگیراوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم دۆسیەیەدا خۆی وەک لایەنێکی بێلایەن نیشان دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکە مەدەنییە و لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان بووە.
کە وەڵامی کونسوڵخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانیش دەداتەوە، یەکێتی دۆسیەکەی بە پرسێکی مەدەنی دەگێڕێتەوە و دەستگیرکردنەکەی بەهۆی سکاڵای هاوڵاتیانەوە دەبەستێتەوە.
بەهۆی نەبوونی هێزی چەکداری تایبەت بەخۆی و خۆڕادەستکردنی بە هێزەکانی پۆلیس، دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید لەلایەن پۆلیسەوە بەڕێوەدەبرێت، نەک ئاسایش.
ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانیش وای لێدەکات مامەڵەیەکی جیاوازتر لەگەڵ دۆسیەکەیدا بکرێت.
شاسوار عەبدولواحید براوەتە بەردەم دادوەر و سزای بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دۆسیەکەی لە چوارچێوەیەکی یاسایی ئاشکرادا یەکلایی کراوەتەوە.
لاهور شێخ جەنگی: دۆسیەیەکی ئەمنی لەژێر چاودێری ئاسایشدا
لە بەرامبەردا، دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی بە تەواوی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. یەکێتی خۆی وەک سکاڵاکاری سەرەکی لەم دۆسیەیەدا دەناسێنێت و تۆمەتی "هەوڵدان بۆ کوشتن" دەخاتە پاڵی.
ئەم دۆسیەیە وەک پرسێکی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە بەڕێوەدەبرێت، نەک پۆلیس.
جیاواز لە شاسوار عەبدولواحید کە دۆسیەکەی بە سکاڵای خەڵک دەبەسترێتەوە، یەکێتی بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی پەیوەستە بە هەوڵی کوشتن و خستوویەتیە بەردەم دەزگا ئەمنییەکان.
تائێستا چارەنووسی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی ڕوون نییە و نازانرێت کەی دادوەر بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدات، ئەمەش نیشانەی ئاڵۆزی و هەستیاری دۆسیەکەیە.
دوو دۆسییە و چەندین خاڵ
شێوازی جیاوازی یەکێتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگی، ئاماژەیە بۆ چەندین خاڵ.
یەکێتی دەیەوێت دۆسیەی شاسوار وەک پرسێکی مەدەنی و یاسایی نیشان بدات کە پەیوەندی بە سکاڵای هاوڵاتیانەوە هەیە و خۆی لە بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ بە دوور بگرێت.
لە کاتێکدا دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی وەک پرسێکی ئەمنی و هەوڵی کوشتن دەخاتە ڕوو، کە خۆی سکاڵاکاری سەرەکییە و دەیەوێت بەشێوەیەکی توندتر و ئەمنیانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەم جیاوازییە لە ستراتیژدا، پرسیار لەسەر ئامانجە سیاسییەکانی یەکێتی لە پشت هەریەک لەم دۆسیانەوە دروست دەکات و دەریدەخات کە چۆن پەیوەندییەکانی ناوخۆی یەکێتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە، کاریگەرییان لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە یاسایی و ئەمنییەکاندا هەیە.