"بۆ خۆپاراستن لە سزاکانی ئەمریکا"؛ کۆمپانیای گازپرۆم ناوەکەی لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت

٢٦ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٩:٥٦ پاش نیوەڕۆ

"بۆ خۆپاراستن لە سزاکانی ئەمریکا"؛ کۆمپانیای گازپرۆم ناوەکەی لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت

پەنجەرە

لە پەرەسەندنێکی نوێدا کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆمپانیا ڕووسییەکان دژوارتر دەکات، کۆمپانیای "گازپرۆم"ـی ڕووسی کە لە کێڵگەی نەوتی سەرقەڵای گەرمیان کاردەکات، هەوڵیداوە ناوی خۆی بگۆڕێت بە ئامانجی دەربازبوون لەو سزایانە و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.


مشتومڕی گۆڕینی ناو: سەرچاوەکان چی دەڵێن؟

بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە، گازپرۆم ویستوویەتی ناوی خۆی بگۆڕێت. 

یەکێک لە سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام سەرچاوەیەکی دیکە پێچەوانەکەی پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت ناوەکە گۆڕدراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەنجەرەی ڕاگەیاندووە: کۆمپانیای گازپرۆم ناوی خۆی گۆڕیووە بۆ 'گەرمیان پترۆلیۆم' و ئاڵا و لۆگۆی کۆمپانیاکەش دەستکاری کراوە.

ئەم گۆڕانکارییانە لە 17ـی نیسانەوە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرچاوەکە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە گازپرۆم بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە ناتوانێت بە ئاسانی پارەی پێویست بۆ کارمەندەکانی یان لێدانی بیرە نەوتە نوێیەکان لە ڕێگەی بانکەوە لە ڕووسیاوە بگەیەنێت. هەروەها، ئەم ستراتیژە نوێیە وای لێدەکات کۆمپانیاکە وەک کۆمپانیایەکی ناوخۆیی دەربکەوێت و لە پرسی باجیش سوودمەند بێت.

بەڵام، سەرچاوەیەکی حکومی لە سنووری گەرمیان، ئەو هەوڵانەی گازپرۆم بۆ گۆڕینی ناوەکەی ڕەت دەکاتەوە و بە سەرنەگرتوو وەسفی دەکات.

سەرچاوە حکومییەکە بە پەنجەرەی ڕاگەیاندووە: "گازپرۆم هەوڵیدا ناوەکەی بگۆڕێت، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕازی نەبوو."


شکست لە لێدانی بیرە نەوتە نوێیەکان و کەمبوونەوەی بەرهەم

گازپرۆم لە ماوەی ڕابردوودا تووشی شکستێکی گەورەی دارایی بووە دوای ئەوەی لە لێدانی بیری نەوتی سەرقەڵا پێنج لە گوندی ملەسورەی گەرمیان سەرکەوتوو نەبوو.

پڕۆسەی لێدانی ئەم بیرە لە تەمموزی 2022 دەستیپێکرد، بەڵام دوای خەرجکردنی بڕێکی زۆر پارە و تێپەڕینی کاتێکی زۆر، دەستبەردار بوون لێی بەهۆی ئەوەی ڕێژەی نەوتی تێیدا لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نەبوو.

لە ئێستادا، گازپرۆم ڕۆژانە نزیکەی 8 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، کە ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کە نزیکەی 30 هەزار بەرمیل بوو، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

هەروەها، کۆمپانیاکە کاتژمێرەکانی کارکردنی لە 24 کاتژمێرەوە بۆ 12 کاتژمێر (لە 6ـی بەیانی تا 6ـی ئێوارە) کەمکردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمکردنەوەی ستاف و کەمتر خەرجکردنی پارەوە.

کۆمپانیای "گازپرۆم" تەنها لە دوو کێڵگە نەوتی سەرەکی کاردەکات: کێڵگەی "گەرمیان" سەرقەڵا لە ئیدارەی گەرمیان (بەپێی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێم) و کێڵگەی بەدرە (بەپێی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی عێراق).


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو